وەزیری دادی تورکیا: دەمیرتاش دەتوانێت لە پڕۆژەیاسای چوارچێوە سوودمەند بێت
وەزیری دادی تورکیا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە گوایە رایگەیاندووە، سەلاحەدین دەمیرتاش لە پڕۆژەیاسای نوێی پرۆسەی ئاشتی بێبەش دەکرێت و ناتوانێت سوودمەند بێت.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا دەنگۆی ئەوەی رەتکردەوە گوایە گوتوویەتی، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ناتوانێت لە پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی سوودمەند بێت.
ئەم روونکردنەوەیەی وەزیری داد دوای ئەوە دێت، پێشتر عەبدولقادر سەلڤی، رۆژنامەوانی نزیک لە حکوومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئاکن گورلەک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) گوتوویەتی، سەلاحەدین دەمیرتاش و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ناتوانن لەو یاسایە سوودمەند بن.
لە بەرانبەردا، فاتیح ئاتیک، نوێنەری کەناڵی تی جی ئاڕ تی (TGRT) لە ئەنقەرە، لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا قسەی کردووە و لێدوانێکی نوێی لێ وەرگرتووە. فاتیح ئاتیک ئاشکرای دەکات، ئاکن گورلەک بەتەواوی ئەو قسانەی رەتکردووەتەوە و پێی گوتووە لێدوانی لەو جۆرەی نەداوە.
بەگوێرەی بۆچوونی فاتیح ئاتیک، دوای ئەم رەتکردنەوەیەی وەزیری داد، پێشبینی دەکرێت سەلاحەدین دەمیرتاش بتوانێت لە پرۆژەیاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی سوودمەند بێت و رێگەی ئازادکردنی بۆ بکرێتەوە.
لیژنەی دادی پەرلەمانی توركیا پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی پەسەند كرد
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 08ـی ئابی 2026، پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" کە بە پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی ناسراوە، لە لایەن لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا.
بڕیارە پڕۆژەیاساکەی پڕۆسەی ئاشتی بخرێتە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمانی تورکیا و لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا، دەنگی لەسەر بدرێت.
پڕۆژەیاساکە ئێوارەی رۆژی هەینی، 07ـی ئاب، گەیشتبووە لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا و دوای تەنیا 18 کاتژمێر پەسەند کرا.
لەوبارەیەوە ئیدریس شاهین، ئەندامی لیژنەکە رایگەیاندووە، تاکە ناونیشان بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە، پەرلەمانی تورکیایە و لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا هەنگاوی دڵنیاکەرەوە نەنراوە.
لەلایەکی دیکەوە مێرال دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەرزەرۆم رایگەیاند، پڕۆژەیاساکە دەرفەتی ئاشتی هەمیشەیی دەرەخسێنێت. جەختیشی لەوە کردەوە، هەندێک کەموکوڕی هەیە، بەڵام هەوڵ دەدەن لە عەقلیەتێکی هاوبەش کۆببنەوە.
ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە
رۆژی چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ فراکسیۆنەکان، دەقی پڕۆژەیاسای تایبەت بە قۆناخی نوێی چارەسەری و چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکرایەوە.
پڕۆژەیاساکەی چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی لە 12 ماددە پێکدێت و بە "یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی" ناسراوە، ئامانجی سەرەکیشی پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییهاتنی بوونی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و رادەستکردنی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانە.
بەپێی دەقی پڕۆژەیاساکە، دیاریکردنی کۆتاییهاتنی کردەیی و چەکداماڵینی رێکخراوەکە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستنیشان دەکرێت و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیش پشتڕاستی دەکاتەوە.
یاساکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە تۆمەتبارن بە دامەزراندن، سەرکردایەتیکردن، ئەندامبوون و پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و کەجەکە، لەگەڵ ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی؛ بەڵام ئەوانەی تێوەگلاون لە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، یان پێش یەکی حوزەیرانی 2005 سزای زیندانیی هەتاهەتایی یان زیندانیی قورسی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاوە، لە یاساکە بێبەش دەبن.
پڕۆژەیاساکە میکانیزمێکی نوێی بۆ دواخستنی لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و سزاکان داڕشتووە، بە جۆرێک بۆ ئەو تاوان و سزایانەی لە 15 ساڵ کەمترن ماوەی پێنج ساڵ، بۆ ئەوانەشی لە 15 ساڵ زیاترن یان زیندانیی هەتاهەتایین ماوەی 10 ساڵ پرۆسەی دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزاکانیان دوادەخرێت. ئەگەر لەو ماوەیەشدا ئەو کەسانە هیچ تاوانێکی نوێ ئەنجام نەدەن، دۆسیەکانیان دادەخرێت و سزاکانیان بە جێبەجێکراو هەژمار دەکرێت، هەروەها لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکەدا تەواوی رێکارەکانی دەستبەسەرکردن و چاودێریی دادوەری لادەبرێن.
بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، ئەنجوومەنێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆماری تورکیا و ئەندامێتیی وەزیرانی داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) و چەند بەرپرسێکی تر پێکدەهێنرێت.
هاوکات لە پەرلەمانی تورکیاش لیژنەیەکی 17 کەسی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە دروست دەکرێت، پێویستیشە ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە یاساکە سوودمەند بن، لە ماوەی شەش مانگدا دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە رۆژنامەی فەرمی، داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.
دەستپێکی ئەم قۆناخە نوێیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2024، کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری پرسی کورد و چەکداماڵینی پەکەکە راگەیاند.
ئەم یاسایە بە یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی چەندین ساڵە دادەنرێت و ئامانجییەتی پرۆسەی بەشداریپێکردنی سیاسیی کورد فراوانتر بکات و کۆتایی بە بوونی چەکداری بهێنێت.