گوتەبێژی سوپای پاسداران: هەر کاتێک ئەمریکا مەرجەکان قبوڵ بکات گەرووی هورمز دەکرێتەوە
گوتەبێژی سوپای پاسداران دەڵێت کردنەوەی گەرووی هورمز میکانیزمی تایبەتی بە خۆی هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و عومانەوە نییە.
حوسێن موحیبی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی، ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئابی 2026، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ رۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی رایگەیاند، کردنەوەی گەرووی هورمز لەبەردەم جوڵەی بازرگانی دەریایی پەیوەستە بەو مەرجانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دایناوە و دەبێت ئەمریکا قبوڵیان بکات و پابەندیان بێت، ئەگەرنا گەرووەکە هەر بەداخراوی دەمێنێتەوە.
گوتیشی: چیتر گەرووی هورمز بۆ ئێران تەنیا رێڕەوێکی ئابووریی ئاوی نییە، بەڵکو لە لایەنی جیۆگرافییەوە توانا و هێزێکە و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت سوودێکی باش لەم هێزە وەربگرێت.
هەروەها ئاماژەیدا، ئەو دانوستانانەی لەنێوان ئێران و عومان هەیە، هیچ پەیوەندییەکی بە کردەنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی گەرووی هورمزەوە نییە، گوتیشی: بۆ کردنەوەی گەرووەکە ئەمریکا ناچارە مەرجەکانی ئێران قبوڵ بکات و خۆی لە دەستوەردان لە دانوستانی نێوان تاران و مەسقەت بە دوور بگرێت، هەر کاتێکیش ئەمریکا مەرجەکانی قبوڵکرد، ئەو کاتە بە دڵنیاییەوە گەرووی هورمز دەکرێتەوە.
پێشتر سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران، ئاشکرای کردووە، کردنەوەی گەرووی هورمز پەیوەستە بەوەی ئەمریکا بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، کە لە یاداشتای لێتێگەیشتن واژۆی لەسەر کراوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە بەرپرسانی ئێران بە قسەی بریقەداری هەڵگرتنی بەشێک کە سزا سەپێندراوەکانی سەر تاران لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە هەڵناخەڵەتین، چونکە هەڵگرتنی بەشێک لە گەمارۆکانی سەر چەند کۆمپانیا و لایەنێکی عێراقی هیچ پەیوەندییەکان بە ئێرانەوە نییە.