لە گەرووی هورمز هێرشکرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئیماراتی

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات: ئێران بەرپرسیارە لە هێرشەکە

گەرووی هورمز (وێنە - ئەرشیف)
گەرووی هورمز (وێنە - ئەرشیف)

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، ئێران بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی وڵاتەکەی تاوانبار دەکات و جەخت دەکاتەوە کە تاران دەبێت بەرپرسیارێتی هێرشەکە لە ئەستۆ بگرێت.

ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە هێرشی سەر کەشتییەکی نەوتهەڵکری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئەبوزەبی تۆمەتبارکرد و رایگەیاندووە، کەشتییەکی نەوتهەڵگری کۆمپانیای ئادنۆک لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمز بە مووشەک هێرشی کراوەتە سەر و پێکراوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئاماژەیداوە، لە هێرشێکی دوژمنکارانەدا ئێران، لە رێڕەوێکی بازرگانیدا کەشتییەکی نەوتهەڵگری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی کردووەتە ئامانج، هەرچەندە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام دەبێت ئێران بەرپرسیارێتی تەواوی هێرشەکە لە ئەستۆ بگرێت.

هەروەها دوێنێ هەینی 7ـی تەممووز، کۆمپانیای ئادنۆک راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکردووە، لەوەتەی شەڕ و ئاڵۆزی ناوچەکەی گرتووەتەوە تا ئێستا 15 کەشتیان لە گەرووی هورمز کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەکی و درۆنی.

روونیشیکردووەتەوە، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا هێرشکراوەتە سەر سێ کەشتیان.