ئێران قەرەبووی جەنگ دەکاتە مەرجی کردنەوەی گەرووی هورمز

پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی واشنتن، ئێران ئاستی مەرجەکانی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز هێندە بەرزکردووەتەوە، رەنگە ئەمریکا ناچار بکات جەنگ هەڵگیرسێنێتەوە.

عەباس عێڕاقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئابی 2026، رایگەیاند، تاران و مەسقەت زۆر نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر رێڕەوێکی نوێی کەشتیوانی، بەڵام کردنەوەی گەرووی هورمز بە مەرجی دیکەوە بەندە.

بە گوتەی عێڕاقچی، یەكێک لەو مەرجانەی کۆماری ئیسلامی دەسەپێنێت، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئێرانە بەهۆی هێرش و پێشێلکارییەکانی ئەمریکایە کە لە بەند و خاڵەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد کردوونی.

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئێران پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ئەمریکا کە چەند رۆژێکە ئومێدی لەسەر هەڵچنیوە، گوایە لەم یەک دوو رۆژەدا لەگەڵ تاران دەگەنە رێککەوتن و جوڵەی بازرگانی دەریایی لە گەرووی هورمز ئاسایی دەبێتەوە.

هەر ئەمڕۆ شەممە، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، کردنەوەی گەرووی هورمز بەستراوەتەوە بەوەی ئەمریکا دەبێت بە میکانیزم و مەرجە تایبەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رازی بێت، ئەگەر مەرجەکانی ئێران قبوڵ بەکات، ئەوە داخرانی گەرووەکە بەردەوام دەبێت.

موحیبی جەختیشیکردەوە، دانوستانەکانی تاران و مەسقەت هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمریکاوە نییە و سازشی کردنەوەی گەرووەکە ناکەن، بەڵکو دانوستانەکان تەنیا بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی نوێیە، بەڵام بە مەرج.

لێدوانەکانی ئێران دەریدەخەن کە ئەو تێگەیشتنەی چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ عومان بکرێت، رەنگە تەنیا سنووردار بێت بە کردەنەوەی رێڕەوێکی ئارام و دیاریکراو بۆ کەشتییەکان، بەبێ ئەوەی ببێتە مایەی گەڕانەوەی ئازادیی تەواوی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا.

بە پێچەوانەوە درەنگانی شەوی رابردوو، سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجەی ئەمریکا گەشبینی خۆی راگەیاندبوو، لە رێککەوتن لەگەڵ تاران نزیکن و لەم یەک دوو رۆژەی داهاتوودا رێککەوتن دەکرێت و گەرووی هورمز دەکرێتەوە.

هەر لەمبارەوە بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی دوێنێ هەینی رایگەیاندبوو، پێشکەوتن لە دانوستانەکانی ئێران - عوماندا بەدی دەکرێت و پێشبینی کردبوو بە زوویی رێککەوتنێک بکرێت کە رێگە بە تێپەڕینی کەشتییە بازرگانییەکان بدرێت، بەبێ ئەوەی گرفتیان بۆ دروست بکرێت، بەڵام بە مەرجێک واشنتن گەمارۆی دەریایی لە سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت، ئەوەشی بە جێبەجێکردنی پابەندییەک بە خاڵەکانی تاران ناوبردبوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە بە گوێرەی زانیارییە دزە پێکراوەکان لە دانوستانەکانی نێوان تاران و مەسقەت بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی نوێی ئاوی، قسە لەسەر سەپاندنی باج کراوە، لەلایەن خۆیەوە ئێران جەختیکردووەتەوە لەسەر سەپاندنی رێژەی 5 بۆ 7%ـی باج لەسەر بەهای گشتی هەر باری کەشتییەک کە بە رێڕەوە نوێیە تێدەپەڕێت، بەڵام عومان پێداگربووە کە بڕەکە دەبێت %3 بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمریکا بە تەواوی دژی سەپاندنی هەر جۆرە باجێکە.