زەیدی بانگهێشتی ماکرۆن دەکات بۆ سەردانیکردنی عێراق

عێراق و فەڕەنسا هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە یەکدەخەن

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دیاریکردنی وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

شەممە، 8ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی پەرەپێدان و بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کرد. 

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا چەندین دۆسیە و بابەتی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران، کە لە پێشەنگیاندا هاوکاریی ئابووری و وەبەرهێنان بوو لە عێراق و رەخساندنی دەرفەت لە بەردەم کۆمپانیا فەرەنسییەکاندا، لەگەڵ پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەوڵە هاوبەشەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری."

زەیدی تیشکی خستووەتە سەر "گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسا"، و داوای لە ماکرۆن کردووە سەردانی عێراق بکات، بە مەبەستی کارکردنی هاوبەش بۆ بونیاتنانی هاوبەشییەکی ئابووری و وەبەرهێنانی بەردەوام لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بە دی بهێنێت.

هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامیی حکوومەت لەسەر کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و گۆڕینی عێراق بۆ هێزێکی ئابووری و سیاسیی کاریگەر لە ناوچەکەدا کردەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بەو سامان و پێگە گرنگەی کە هەیەتی و وەک خاڵێکی بەستنەوەی هێڵەکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی کار دەکات.

زەیدی، وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکە ئاماژەی پێ کراوە، پەرۆشیی عێراقی بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نیشاندا، بە شێوەیەک کە ڕێگە نەدرێت خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئەو وڵاتانە بەکاربهێنرێت، هاوتەریب لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی ئاسایش، سەروەری و بەرژەوەندییەکانی گەلی وڵاتەکە و، دووپاتکردنەوەی گرنگیی پەنابردنە بەر دیالۆگ لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لەوەش کردەوە، کە 30ـی ئەیلوولی داهاتوو، وادەی کۆتایی دەبێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

گوتیشی: کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان دەرفەتێکی فراوانتر بۆ عێراق دەڕەخسێنێت تاوەکوو سەرنجی بخاتە سەر ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدان، بەهێزکردنی گەشەی ئابووری و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق.

لە لایەن خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، ستایشی ئەو هەنگاوانەی کرد کە حکوومەتی عێراق ناویەتی و، پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی ئەو وڵاتە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان دەربڕی، لەگەڵ بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی پاریس و بەغدا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق.