پزیشکیان: لەم جەنگەدا سەرکەوتوو بووین
سەرۆککۆماری ئێران، دەڵێت: بەهۆی پێگەی بەهێز و یەکگرتووی وڵاتەکەی و سەرکەوتنی لە جەنگی فشارەکاندا، لە ئێستادا گونجاوترین دەرفەت لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا.
شەممە، 8ـی ئابی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، ئاماژەی بەوە کرد، "دوژمنان چاوەڕوانی رووخانی دەوڵەتیان دەکرد بەهۆی ئەو فشارە چڕ و سزایە توندانەی کە بەسەرماندا سەپێندرابوون".
سەرۆککۆماری ئێران روونی کردەوە، فشارە دەرەکییەکان هەمیشە بوونیان هەبووە و هەموو حکوومەتەکانی پێشوو رووبەڕوویان بوونەتەوە.
پزیشکیان گوتیشی: "لە چوارچێوەی ئەو پلانانەی بۆ ئەم جەنگە، پشێوی و گرژییانە داڕێژرابوون، هەوڵدان بوو بۆ هەڵگیرساندنی ئاژاوە لە باکووری رۆژئاوا و باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەوە، بەو پێیەی گوایە کەسانێک لە سنوورەکانەوە دزە دەکەن بۆ نانەوەی پشێوی؛ بەڵام وڵاتانی ناوچەکە رێگەیان نەدا هیچ کەسێک بە ئاسانی بێتە ناو خاکەکەمانەوە و فیتنە بنێنەوە".
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، ئێران "بەهێز و یەکگرتووە و لە جەنگدا بە براوە دادەنرێت".
لە لایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ رایگەیاند: تاران و مەسقەت "زۆر نزیکن" لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر رێڕەوێکی نوێی دەریاوانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.
بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمەش مەرجی هەیە، لەوانە قەرەبووکردنەوەی ئەوەی تاران بە "پێشێلکارییەکانی" ئەمریکا بەرامبەر بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ناوی دەبات.
عێراقچی باسی لەوەش کرد، ئێران و عومان تا کاتی چارەکردنی بابەتە تەکنیکی و یاساییەکانی پەیوەست بە رێڕەوێکی هەمیشەیی، گفتوگۆ لەسەر رێڕەوێکی کاتی بۆ هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز دەکەن.
لە لایەن خۆیەوە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری حوسین موحبی، گوتەبێژی سوپاسی پاسدارانەوە بڵاوی کردەوە، دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز پەیوەندیی بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و عومانەوە نییە، بەڵکو مەرجدارە بە قبووڵکردنی مەرجەکانی تاران لە لایەن ئەمریکاوە.
رێککەوتنی نێوان ئێران و عومان لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز وەک هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی بەرفراوانتر سەیر دەکرێت.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار ئاماژەی بەوە کردبوو، کە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی گەرووەکە نزیکە، پێش ئەوەی ئێران ئەنجامدانی هەر جۆرە گفتوگۆیەک رەتبکاتەوە.