عێراق و میسر: کەمکردنەوەی گرژییەکان پێویستییەکی سەرەکییە بۆ ئاسایشی ناوچەکە
وەزیری دەرەوەی عێراق و هاوتا میسرییەکەی، جەختیان لەسەر گرنگیی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاڵپشتیکردنی سەرجەم ئەو هەوڵانە کردەوە کە ئامانجیان هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکەیە.
شەممە، 8ـی ئابی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەردوولا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسیان لە رێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری لە بوارە جیاجیاکاندا و، بەردەوامبوونی هەماهەنگی و راوێژکارییەکان لەسەر پرسە ناوچەییە جێی بایەخە هاوبەشەکان کرد."
هاوکات هەردوولا تیشکیان خستە سەر نوێترین پێشهاتەکانی ناوچەکە و، جەختیان لەسەر گرنگیی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانە کردەوە کە ئامانجیان هێورکردنەوەی دۆخەکەیە، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
بە پێی راگەیەنراوەکە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکان بۆ میکانیزمی هاوکاریی سێقۆڵی نێوان عێراق، میسر و ئوردن کردەوە، هەروەها بونیاتنان لەسەر ئەو دەستکەوتانەی لەم چوارچێوەیەدا بەدەستهاتوون، بە شێوەیەک کە دەرفەتەکانی تەواوکاریی ئابووری، گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیی هاوبەش لە نێوان هەر سێ وڵاتدا بەهێزتر بکات."