پارتی گەلی تورکمان: ماددەی 140 تاکە رێگەیە بۆ گەڕاندنەوە مافە زەوتکراوەکان
مەکتەبی سیاسیی پارتی گەلی تورکمان وەڵامی پارێزگاری کەرکووک دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت "هەر هەوڵێک بۆ بە تاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی ماددەی 140، یان نیشاندانی ئەم ماددەیە وەک هۆکاری کێشە، هەڵگەڕانەوەیە لە راستییە مێژوویی و یاسایییەکان، بۆیە مافی کورد، تورکمان و هەموو پێکهاتە رەسەنەکانی شارەکە نابێت ببێتە قوربانیی ململانێی سیاسی".
ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئابی 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی گەلی تورکمان بەیاننامەیەکی لە قسەکانی پارێزگاری کەرکووک بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "لە ماوەی دواییدا هەندێک لێدوان و هەڵوێست سەبارەت بە ماددەی 140ی دەستووری عێراق بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا هەوڵ دەدرێت، ئەم ماددە دەستوورییە وەک سەرچاوەی کێشە و ناسەقامگیری بناسێنرێت، ئێمە لە پارتی گەلی تورکمان ئەم جۆرە هەڵوێستانە بە پاشەکشەیەک لە بنەما دەستووری و یاساییەکان دەزانین و بە روونی رەتیدەکەینەوە".
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە ماددەی 140 زادەی رێککەوتنێکی نیشتمانی و بەشێکی بنەڕەتی دەستووری عێراقە کە بە دەنگی ملیۆنان هاووڵاتی پەسەندکراوە. ئەم ماددەیە وەک نەخشەڕێگایەکی یاسایی دانراوە بۆ چارەسەرکردنی ئاسەوارەکانی سیاسەتی تەعریب، گۆڕینی دیموگرافی، زەوتکردنی زەویوزار و بێبەشکردنی دانیشتوانی رەسەن لە مافە یاسایی و مێژووییەکانیان.
پارتی گەلی تورکمان رایگەیاندووە، سیاسەتەکانی گۆڕینی دیموگرافی لە سەردەمی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا، تەنیا پیکهاتەیەکی دیاریکراویان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو راستەوخۆ پێکهاتەی تورکمانیش زیانی لێکەوتووەتەوە و موڵک و ماڵیان زەوتکراوە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ بە تاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی ماددەی 140، یان نیشاندانی ئەم ماددەیە وەک هۆکاری کێشەکان، هەڵگەڕانەوەیە لە راستییە مێژوویی و یاساییەکان.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا، پارتی گەلی تورکمان جەخت دەکاتەوە، کە مافی کورد، تورکمان و هەموو پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکووک نابێت بکرێتە قوربانیی ململانێی سیاسی و بەرژەوەندی حزبی، هەروا رایگەیاندووە سەقامگیریی کەرکووک و پێکەوە ژیانی مێژوویی پێویستی بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و دەستووری هەیە کە مافی هەموو لایەک بپارێزێت و ستەمی رابردوو بە یاسایی نەکاتەوە.
پارتەکە جەخت دەکاتەوە کە ماددەی 140 تا ئەو کاتەی جێبەجێ دەکرێت هەر ماددەیەکی زیندووی دەستوورە و بە تاکە رێگەی چارەسەری یاسایی کێشەکانی کەرکووکیشی دەزانێت بۆ گەڕاندنەوەی مافەکان بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان
لە کۆتاییدا پارتی گەلی تورکمان داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکات کە هەڵوێستێکی روون لە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی دەستوور و مافە یاساییەکانی دانیشتوانی ناوچەکە وەرگرن و رێگر بن و رێگەنەدەن هیچ لێدوانێک ببێتە هۆی دابڕانی کۆمەڵایەتی و زیانگەیاندن بە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک.