دەم پارتی: یاسای نوێی ئاشتی کاریگەری لەسەر دۆخی 75 هەزار کەس دەبێت
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایگەیاند، 3900 زیندانیی سیاسیی پەکەکە له جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە سوودمەند دەبن.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، ئێستا لە زیندانەکانی تورکیادا 4800 کەس بە تاوانی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بەشداری لە چالاکیی چەکداریدا زیندانی کراون.
سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە دیاربەکر گوتی، پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی 3900 زیندانی دەگرێتەوە، بەڵام 900 زیندانی ناگرێتەوە بەهۆی سزادانیان بە زیندانیی هەتاهەتایی و تاوانباربوونیان بە کوشتنی هێزەکانی ئاسایش.
لەلایەکی دیکەوە ئیبراهیم ئاکن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوە کرد، یاساکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی 75 هەزار کەس دەبێت.
رۆژی شەممە، 08ـی ئابی 2026، پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" کە بە پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی ناسراوە، لە لایەن لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا.
پڕۆژەیاساکە سبەی دەچێتە کارنامەی پەرلەمانەوە و پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.
بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە پشتڕاست بکاتەوە، دوای بڵاوکردنەوەی یاساکە لە رۆژنامەی فەرمیدا، دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.