ئەمریکا داوا لە کۆمپانیا سەربازییەکان دەکات بەرهەمهێنانی چەک خێراتر بکەن
نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ئاشکرا بووە، کە لە نووسراوەکەدا پێنتاگۆن داوا لە کەرتی پیشەسازیی سەربازی کراوە بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی خێراتر بکەن، بەو پێیەی ئێستا کۆگاکانی ئەمەریکا بە دەست کەمیی چەک و تەقەمەنییەوە گرفتارە.
بەپێی ئەو نووسراوەی رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بڵاوی کردووەتەوە، جێگری وەزیری جەنگی ئەمریکا، ستێفن فایلبێرگ، رۆژی چوارشەممەی رابردوو نامەیەکی بۆ سەرۆکی کۆمپانیا پیشەسازییە سەربازییەکان ناردووە و تێیدا جەختی کردووەتەوە کە تەنیا 21 رۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ پێشکەشکردنی پلانی خێرا؛ بە مەبەستی زوو رادەستکردن و زیاتركردنی بەرهەمەکانیان.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە سێ سەرچاوە بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ـیان راگەیاندووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا، دان کین، لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا بە راوێژکارە باڵاکانی دۆناڵد ترەمپی راگەیاندووە، ئەمریکا پێویستی بە دۆزینەوەی دەرچەیەک هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هەروا هۆشداریی داوە، هەندێک لە بژاردە سەربازییەکان بۆ پەرەپێدانی جەنگ رەنگە دەرئەنجامی پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە، هەروەها بۆمبارانی ئاسمانی بە تەنیا بەس نییە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە راگەیەندراوەکانی ئەمریکا.
لە پاڵ هاوکێشە سەربازییەکانەوە، قەبارەی کەمیی تەقەمەنیی ماوە لە ناو سوپای ئەمەریکادا بووەتە خاڵێکی سەرەکی لە گفتوگۆکانی داهاتووی جەنگدا، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کۆگاکانی تەقەمەنی بۆ ئاستێکی مەترسیدار دابەزیون، ئەم بابەتە بە لانیکەم لە دوو کۆبوونەوەی نێوان کین و ترەمپدا تاوتوێ کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو نیگەرانیی قووڵی خۆیان گەیاندووەتە ئیدارەی ئەمەریکا سەبارەت بە کەمیی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو؛ ئەمەش لە ترسی ئەوەی کە نەتوانن لە دژی هێرشەکانی ئێران بەرگری لەزۆیان بکەن، کە رەنگە ژێرخانی ئابووریی وزە لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە پەکین و مۆسکۆ بە وردی چاودێریی ئەو مشتومڕە گەرمەی ناو واشنتن دەکەن کە لەبارەی کەبوونەوەی چەک و تەقەمەنی لە کۆگاکانی ئەمەریکادا دروست بووە، لە کاتێکدا هۆشداری دەدرێت کەمبوونەوەی مووشەکەکان رەنگە دەرگای لاوازی ئەمریکا لە بەردەم دوژمنانی بکاتەوە و بۆ چەندین ساڵ کاریگەری لەسەر هاوکێشە سەربازییەکانیان هەبێت.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیویۆرک تايمز"، جەنگەکە پێنتاگۆنی ناچار کردووە تەقەمەنی، کەشتی، فڕۆکە و یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ئەورووپا و ئاسیاوە بگوازێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هێزی ئەمەریکا لەو ناوچانەی کە بۆ رێگریکردن لە رووسیا و چین هەستیار و سەرەکین.
ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران هەزاران مووشەکی هێرشبەر و بەرگریکاریان بەکار هێناوە کە نرخی هەندێکیان بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت، لە کاتێکدا پڕکردنەوەیان رەنگە چەندین ساڵی پێویست بێت بەهۆی ئاڵۆزیی بەرهەمهێنان و پشتبەستن بە دابینکەران.
رۆژنامەکە دەخەمڵێنێت کە ئەمەریکا زیاتر لە 1500 مووشەکی بەرگریکاری لە جۆری "پاتریوت"ی بەکار هێناوە، لە کاتێکدا کۆگای ئێستای لەم مووشەکانە کەمترە لە 1700 مووشەک.