شێرپەنجەی جۆو بایدن گەیشتووەتە ئێسقانەکانی

هانتەر بايدن، کوڕی جۆ بايدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ئاشکرای کرد، نەخۆشی شێرپەنجەی باوکی زیاتر بەجەستەی بڵاوبووەتەوە و گەیشتووەتە ئێسقانەکانیش، ئاماژەی بەوەش دا، نەخۆشییەکە ئازاری زۆری بۆ دروست دەکات و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دۆخی هەبووە.

هانتەر بايدن لە چاوپێکەوتنێکدا بە 'بی بی سی'ـی بەریتانی گوت: شێرپەنجەکەی باوکم بڵاو بووەتەوە و گەیشتووەتە ئێسقانەکانی و زیاتریش، جەختی کردەوە، نەخۆشییەکە لە زۆر رووەوە "زۆر پڕ ئازار و لاوازکەرە".

دوێنێ شەممە، گوتەبێژێک بە ناوی بايدنەوە، رەتی کردەوە لێدوان لەسەر قسەکانی کوڕەکەی بدات.

جۆو بايدن لە مانگی ئایاری 2025دا رایگەیاند، تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی پڕۆستات بووە، لەو کاتەدا ئاماژەی بەوە دا، نەخۆشییەکە بۆ ئێسقانەکانی گواستراوەتەوە. هەروەها لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، گوتەبێژەکەی رایگەیاند، بايدن چارەسەری تیشکی و هۆرمۆنی وەرگرتووە.

جۆو بايدن تەمەنی 83 ساڵە، لە ساڵی 2020 بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا، هەروەها لە ساڵانی 2009 بۆ 2017 وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما کاری کرد.