عەباس عێراقچی: پەیام گۆڕینەوە لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە

عەباس عێراقچی رایدەگەیەنێت، هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکادا نییە و پەیوەندییەکان تەنیا لە رێگەی ئاڵوگۆڕی پەیامەوەیە، ئەمەش ناوی لێ نانرێت دانوستان، هەروەها جەخت دەکاتەوە، کردنەوەی گەرووی هورمز بەستراوە بە جێبەجێکردنی مەرجەکانەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "هیچ گفتوگۆ و دانوستانێک لە نێوان تاران و واشنتندا بوونی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکان تەنیا لە رێگەی نێوەندگیرەوە و بە شێوەی ئاڵوگۆڕی پەیام بەڕێوە دەچن.

باسی لەوەشکرد، هەوڵەکان بۆ زەمینەسازی بەردەوامن. جەختیشی کردەوە تاوەکو ئەمریکا پێشێلکارییەکانی بۆ سەر بەند و مەرجەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بەردەوام بێت، ئێران بە هیچ شێوەیەک ئامادەی دانوستان نییە.

وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ عومان لە گفتوگۆدایە بۆ دیاریکردنی رێڕەوێکی دەریاییی نوێ لە گەرووی هورمز و پرۆسەکەش گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی. ئاماژەشی دا، رێڕەوە کۆنەکان دەگۆڕدرێن و پسپۆڕان لە ئێستادا خەریکی کارکردنن لەسەر رێڕەوە نوێیەکان.

سەبارەت بە پرسی کردنەوەی گەرووەکە، عێراقچی روونی کردەوە، ئەم رێککەوتنە دەریایییە بە مانای کردنەوەی گەرووی هورمز نییە؛ هەرچەندە رەنگە رێککەوتن لەسەر رێڕەوی نوێ بکرێت، بەڵام کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز پەیوەندیی بە کۆمەڵێک مەرجی دیاریکراوەوە هەیە کە ئەمریکا پێشێلی کردوون.