رووسیا: زیاتر لە 150 درۆنی ئۆکرانیمان تێکشکاند
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان شەوی رابردوو توانیویانە 153 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن)ـی ئۆکرانی لە ناوچە جیاوازەکانی خاکی رووسیا بخەنە خوارەوە و تێکیان بشکێنن.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، بڵاوکراوەتەوە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی 153 درۆنی ئۆکرانییان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان خستووەتە خوارەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، درۆنەکان لە بێلگورود، بريانسك، ڤلاديمير، فورونيج، كالوجا، کورسک، لیبيتسک، ئۆریول، روستوف، ريازان، سامارا، سمۆلێنسک، تفیر، تولا و ناوچەی مۆسکۆ، هەروەها لە کریمیا و تەتارستان و هەرێمی كراسنودار خراونەتە خوارەوە، جیا لەوانەش، چەندین درۆنی دیکە لە سەر ئاوەکانی دەریای ئازۆف و دەریای رەشدا تێکشکێنراون.
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا دوێنێ رایگەیاندبوو، هێزەکانیان چەند بەندەرێکی ئۆکرانییان کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیانی گەورەیان پێ گەیاندوون، بەگوێرەی ئاژانسی تاس، هێزە ئاسمانییەکانی رووسیا بە چەکی وردبین و درۆنی بۆمبرێژکراو، بەندەرەکانی ئۆدیسا و مایکۆلایێڤیان بۆردومان کردووە.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستە روو، یەکێک لە هێرشەکان، کەشتییەکی بارهەڵگری کردووەتە ئامانج کە کەلوپەلی سەربازیی هەڵگرتبوو، ئەوەش لە نزیک مایکۆلایێڤ بووە، هاوکات زیان بە دامەزراوەیەکی هەواڵگریی ئەلیکترۆنی لە ئۆدیساش گەیشتووە و کەشتییەکی تری بارهەڵگریش لە کەناراوەکانی ئۆکرانیا کراوەتە ئامانج.
تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی ئوکرانیا هیچ روونکردنەوەیەکیان لە بارەی ئەو راپۆرتانە نەداوە.