سەرۆک بارزانی: پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بە سەرۆکایەتیی زەیدی لە قۆناخێکی زۆرباش دایە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە خاتوو هۆڵی ڤێیر، کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەولێر کرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی، لەو دیدارەدا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری سەرۆک بارزانی و دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی نوێی بریتانیا لە هەرێمی کوردستان نیشان دا.
هەروەها کونسوڵی بەریتانیا ئاماژەی بەوە دا، بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ بەردەوامی و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان نیشان دا.
وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی کونسوڵی نوێی بەریتانیای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا و ئامادەیی خۆی راگەیاند لە پشتیوانیکردنی ئەرکەکانی لە هەرێمی کوردستان.
دۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
پەیوەست بەم باسە سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، "پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕالی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران بەڕێز عەلی زەیدی لە قۆناخێکی زۆرباش دایە و هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوولادا هەیە".
بارودۆخی سیاسی و دواپێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون.