بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ئۆتۆمبێل لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستگیرکرا

سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کوردستان24: هاشم سوودانی، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراوە

هاشم سوودانی
هاشم سوودانی

بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆمەتی گەندەڵێ دەستگیرکرا، چوار ساڵ پێش ئێستا لە پۆستەکەی لادراوە کەچی لە کارەکانی بەردەوام بووە. 

یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، هاشم سوودانی، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ئۆتۆمبێل لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا. 

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هاشم سوودانی لە بەغدا لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیرکراوە بە تۆمەتی گەندەڵی لە چەند گرێبەستێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق، پەیوەیست بە کڕینی کۆمەلێک ئامێر و ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەشێوەیەک بەشێک لەو پارەیەی وەک بودجە بۆ کڕین دیاریکراوە، خەرج کراوە بەڵام دیار نییە چی پێکڕدراوە، هاشم سوودانیش بەرپرسی نووسراوەکانی ئەم گرێبەستە بووە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی دووپاتی کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان هاشم سوودانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی ئۆتۆمبێلی سەر بە وەزارەتی بازرگانییان دەستگیر کردووە.

هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسە باڵایە لەسەر بنەمای بوونی تۆمەتی گەندەڵییە لە گرێبەستێکدا لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق و ئێستا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

هەڵمەتی بەرەبەیان یەکێکە لە گەورەترین هەڵمەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە مێژووی عێراقدا و لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2026 لە لایەن عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە راگەیەندرا. 

ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانی تاڵانکراوی دەوڵەتە. لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە دەیان بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار دەستگیر کراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە پارەی کاش، زێڕ و موڵکدا گیراوە لە ماڵ و شوێنی نهێنیدا شاردراونەتەوە.

روانگەی ئیکۆ عێراق ئاماری پارە گەڕێندراوەکانی هەڵمەتی بەرەبەیان و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵیی بڵاوکردووەتەوە و  بە گوێرەی روانگەکە، بڕی 390 ملیار دینار و 141 ملیۆن دۆلار لەگەڵ 500 کیلۆگرام زێڕ گەڕێندراوەتەوە گەنجینەی وڵات. 

ئەو بڕە پارەیە بەسە بۆ دابینکردنی مووچەی چەند وەزارەت و دەستەیەک و یەکسانە بە مووچەی یەک مانگی وەزارەتی دەرەوەی عێراق.

لە شیکردنەوەکەی روانگەی ئیکۆدا هاتووە، ئەگەر نیو تۆن زێڕەکە هەر گرامێکی لەسەر 185 هەزار دینار هەژمار بکرێت، کۆی پارە گەڕاوەکان دەگاتە 482 ملیار دیناری عێراقی. بەم شێوەیە دەتوانرێت مووچەی وەزارەتەکانی گواستنەوە، ژینگە، کۆچ و نەوت دابین بکرێت، یان نیوەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت. 

لە تشرینی دووەمی 2022ـدا، وەزیری بازرگانیی عێراق بڕیارێکی دەرکرد بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاشم سوودانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکەدا، ئەوەش لەسەر بنەمای رێکارە ئیدارییەکان و دەستنیشانکردنی شوێنگرەوە لە کاتی خۆیدا، لە کاتێکدا دواتر لەسەر ئەرکەکانی بەردەوام بوو و کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکەی بەڕێوەدەبرد.

هاشم محەمەد حاتەم سوودانی، لەدایکبوونی ساڵی 1966ـی بەغدایە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری کارەبا هەیە، پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگاکان و خزمەتگوزاریی بازرگانیی بووە لە وەزارەتی بارزگان، پێش ئەوەش بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی هەمان وەزارەت بووە، جگە لەوەی پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی بە وەکالەتی لە چەندان فەرمانگە و کۆمپانیا وەرگرتووە لەوانە: فەرمانگەی پەیوەندییە ئابوورییەکان دەرەوە، کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی بەشەخۆراک و فەرمانگەی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت. بەر لە وەرگرتنی ئەو پۆستانەش ساڵی 2006 لە وەزارەتی پەروەردە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دروستکردنی پێداویستییەکانی کەرتی پەروەردە بووە.