لە پەرلەمانی عێراق نزیکەی 70 واژۆ بۆ سڕکردنی کار و بودجەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆکرایەوە

لە پەرلەمانی عێراق نزیکەی 70 واژۆ بۆ سڕکردنی کار و بودجەی ئەنجوومەنی پاریزگاکانی عێراق کۆکراوەتەوە، کوردستان24 خەرجیی پارێزگاکان و هۆکاری داواکارییەکە دەخاتەروو. 

بەپێی نووسراوێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لایەن، محەمەد هادی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە، داوای سڕکردنی کار و بودجەی سەرجەم ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کراوە.

لە نووسراوەکەدا هاتوو: بەگوێرەی ماددە دەستووری و یاساییە بەرکارەکان و بە لەبەرچاوگرتنی مافی ئەنجوومەنی نوێنەران لە چاودێریکردن و یاساداناندا، ئەم داواکارییەی هاوپێچ لەگەڵ واژۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە، بۆ ئەوەی بابەتی سڕکردنی کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان و سڕکردنی بودجەکەیان بۆ خولی ئێستا بخرێتە بەرنامەی کاری نزیکترین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و دەست بە رێکارەکانی دەنگدان لەسەری بکرێت، ئەمەش بەگوێرەی ئەو بەڵگە و هۆکارە یاساییانەی خراونەتەڕوو. 

سەربارەت بە بەڵگە و هۆکارەکانی ئەم داواکارییە لە نووسراوەکە ئاماژە بەوە کراوە. بە گوێرەی ماددەی 20 لە یاسای پارێزگا نەبەستراوەکان بە هەرێم، کە جەخت لە بەرپرسیارێتیی ئەنجوومەن دەکاتەوە لە کاتی روودانی کەمتەرخەمیی گەورە لەو کار و ئەرکانەی پێی سپێردراون، یان پێشێلکردنی دەستوور و یاساکان، ئەنجوومەنەکان دەکەونە ژێر چاودێریی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بۆیە لەم سۆنگەیەوە داواکراوە سڕکردنی سەرجەم ئەنجوومەنەکان بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. 

بەپێی بەدواداچوونێکی کوردستان24 هۆکاری داواکارییەکە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ئاشکرابوونی چەند دۆسییەکی گەندەڵی گەورە بەم دواییە، دەگەڕێتەوە، چونکە تێچووی ئەندامانی ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکان دەگاتە 77 ملیار دینار، خەرجییەکانیان بەم شێوەیەیە: 61 ملیار دینار بۆ دەرماڵە و مووچە، 9.5 ملیار دینار مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەنە، کە ژمارەیان 285 ئەندامە، 36 ملیار دینار بۆ پاسەوانانە، 14.5 ملیار دیناریش بۆ ستاسفی کارگێڕی. خەرجیی بەگەڕخستنیش دەگاتە 15 ملیار دینار، ئەم جیایە لە دەرماڵە و مووچە، بۆ رۆن و بەنزین 5 ملیار دینار،  وردەخەرجیی نووسینگەکان و چاککردنەوە، 6 ملیار دینار، پێشوازیکردن و مێوانداری، 4 ملیار دینار.

رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، دوایین هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو لە 16ـی کانوونی یەکەمدا دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچووبوو. ئەم هەڵبژاردنە دوای دابڕانێکی 10 ساڵە هات، چونکە دوایین هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە ساڵی 2013 بەڕێوەچوو دوای ئەوە پرۆسەکە پەک کەوت و لە کۆتایی ساڵی 2019ـدا بەهۆی خۆپێشاندانی جەماوەرییەوە ئەنجوومەنەکان سڕ کران لە دوا هەڵبژاردن، رێژەی گشتیی بەشداری لە سەرانسەری عێراقدا گەیشتە نزیکەی 41%.