پزیشکیان: هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ لە کاتی جەنگدا رێگەی سەرکەوتنی بۆ ئێمە خۆش کرد
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی جەنگەکە، پێگە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تاران لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا بەهێزتر بووە، و ئاشکرایشی کرد کە وڵاتانی دراوسێ هاوکاریی گەورەی لۆجستیی ئێرانیان کردووە.
یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی جەنگی 12 رۆژەدا، تێکڕای دەوڵەتانی ناوچەکە بە فەرمی هەڵوێستی ئیسرائیل و ئەمریکایان سەرکۆنە کرد. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە کارێکی سادە نەبوو، چونکە لە رابردوودا بە هیچ شێوەیەک بەم فەرمی و راشکاوییە دژ بە واشنتن و تەلئەڤیڤ نەدەوەستانەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران روونیکردەوە، پێشهاتەکانی جەنگی تا رادەیەک پرسی دیپلۆماسیی ناوچەکەی ئاۆڵۆز کرد، چونکە کاتێک ئێران هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئەو وڵاتانە نیگەران بوون چونکە مووشەکەکان لە سەر خاکی ئەوان دەکەوتن. هەرچەندە ئەو وڵاتانە خۆیان هێرشیان نەکردبووە سەر ئێران، بەڵام چونکە هێرشی سەر ئێران لە بنکەکانی ناو خاکی ئەوانەوە ئەنجامدرابوو، ئێران مافی خۆی بوو کە وەڵامی ئەو بنکانە بداتەوە.
گوتی: پلانی دوژمنان لە باکووری ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە ئەوە بوو کە تەنانەت هێرش بکەنە سەر خاڵە سنوورییەکانیان و هێز بهێننە ناو وڵاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. ناوبراو ڕایگەیاند: "ئەوان دەیانویست هێزە ئەمنییەکانمان بکەنە ئامانج بۆ ئەوەی پشێوی و ناڕەزایەتیی شەقام دروست بکەن و نەتەوە جیاوازەکانی ناو ئێران بجووڵێنن تا مەملەکەت پارچەپارچە بێت، بەڵام سەرجەم پلانەکانیان پووچەڵ بوونەوە."
پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، ئێستا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە دۆخێکی زۆر باشتردایە بە بەراورد لەگەڵ کاتی جەنگەکەدا.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاستی هاوئاهەنگیی وڵاتانی هاوسێی بەم شێوەیە خستەڕوو، پاکستان، بە تێکڕای تواناوە لەگەڵ ئێران هاوئاهەنگی و هاوکاری دەکات، ئەفغانستان و تورکمانستان، ئاستی هاوکاری و گونجانیان لەگەڵ ئێران زۆر باش و ئەرێنییە، عێراق، هاوکارییەکانی زۆر بەهێز و بەردەوام بوون لە کاتی جەنگەکەدا، کۆماری ئازەربایجان، لە سەرەتادا سەرجەم رێگەکان و بانک و باڵیۆزخانەی ئێرانی داخست، بەڵام تەنیا بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و گفتوگۆیەکی دوو کاتژمێری، باکۆ سەرجەم بانک، باڵیۆزخانە و رێگەکانی گواستنەوەی کردەوە و لە ماوەی جەنگەکەدا هاوکاریی گەورەی گواستنەوەی لۆجستیی رووسی و ناوخۆیی بۆ ئێران دابین کرد.
ئاماژەشی دا، هەر یەک لە ئەفغانستان و پاکستان هێزیان ناردووە بۆ ڕێگریکردن لە هەر کەسێک کە بیەوێت بێتە ناو خاکی ئێرانەوە بۆ دروستکردنی ئاژاوە. گوتیشی: "ئێمە ئومێدمان بە خودا و گەلی خۆمان بەستووە، چونکە ئەگەر تەنیا چاوەڕێی دەستی دەرەوە بین، دەبێت شکست واژۆ بکەین."
پزیشکیان جەختی لە گرنگیی هاوسێیەتی و دیپلۆماسی کردەوە و رایگەیاند، ئەگەر ئەم رێڕەوە دیپلۆماسییە هاوبەشانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا نەبووایە، لە ژێر سایەی گەمارۆ توندەکاندا ئەستەم بوو بتوانرێت تێکڕای ئەم کەرەستە و پێداویستییە لۆجستییانە دابین بکرێن.
سەرۆک کۆماری ئێران گۆڕینی وەزیرەکانی بە تەنیا بە چارەسەر نەزانی و ڕایگەیاند، گۆڕینی لێپرسراوان بە تەنیا کێشەکە چارەسەر ناکات، چونکە هێنانی کەسی نوێ تەنیا کاتی زیاتر دەبات بۆ گەیشتن بە هەماهەنگیی نوێ. گوتیشی: "پێویستە کێشەکان لە ڕەگەوە چارەسەر بکرێن، قابیلی قبووڵ نییە دوای 48 ساڵ هێشتا بارودۆخی ئابووری، پیشەسازی، کشتوکاڵ، پەروەردە و کولتوور بەم شێوازە پشێوە بێت."
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، حکوومەت چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ لە بوارەکانی ئابووری، بەڕێوەبردن، دیپلۆماسی و سیاسەتدا ئەنجام داوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان.