ترەمپ: بە هێمنی مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەین
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی کێشەکان لەگەڵ تاران گەورە ناکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکاوە تووشی داڕمانی ئابووری هاتووە؛ هاوکات سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ رێککەوتنی گەرووی هورمز بەردەوامن، جیاوازیی قووڵ لە نێوان سەرکردەکانی ئێران لەسەر سازشکردن بۆ ئەمریکا سەریهەڵداوە.
یەکشەممە 9ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" رایگەیاند "ئێمە کێشەکە لەگەڵ ئێران زۆر گەورە ناکەینەوە . تەنیا کەمێک گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەین و تەنیا چاودێرییان دەکەین لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕێژەی هەڵاوسانە گەورەکەیان و ئەو راستییەی کە هیچ پارەیەکیان نییە."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئێران لە دۆخێکی ئابووریی زۆر خراپدایە و توانای دابینکردنی مووچەی سەربازەکانی نییە، ئەمەش بەهۆی گەمارۆ دەریاییە سەرکەوتووەکەی ئەمریکاوە گەورەتر بووە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، دابەزینی نرخی نەوت بۆ کەمتر لە 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، باری سەرشانی بەکاربەرانی ئەمریکی کەمکردووەتەوە.
ئەکسیۆس ئاماژەی داوە، سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، هەرچەندە نێوەندگیرانی قەتەر و پاکستان گەشبین بوون بەوەی رێککەوتنی گەرووی هورمز لە رۆژی چوارشەممە رابگەیەنرێت، بەڵام پێدەچێت چانسەکان کەمبووبێتنەوە. بەپێی رێککەوتنەکە، مافی بەڕێوەبردنی بەشەکیی گەرووەکە دەدرێتە ئێران. لە کاتی نەبوونی رێککەوتنی کۆتاییشدا، رۆژانە نزیکەی 8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هورمزەوە بە هاوئاهەنگیی هێزەکانی ئەمریکا هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە کە جیاوازیی قووڵ لە ناوخۆی ئێراندا هەیە؛ بەرەیەک بە سەرکردایەتیی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار، بە توندی نیگەرانە لە هەرەسی ئابووری و پێی وایە ئێران پێویستی بە رێککەوتنە لەگەڵ ئەمریکا. لە بەرامبەردا، بەرەیەکی تر بە سەرکردایەتیی ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران، هەر جۆرە سازش و پاشەکشەیەک بەرامبەر بە ئەمریکا رەتدەکاتەوە.
دوێنێ شەممە، موحەممەد باقر زولقەدر، بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران چەند مەرجێکی قورسی دەربارەی رێککەوتنەکەی عومانی بۆ کردنەوەی گەرووەکە دانابوو؛ لەوانە: نەهێشتنی هیچ سووکایەتی و هەڕەشەیەک دژی تاران، کۆتاییهێنان بە جەنگ دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، غەززە، یەمەن و عێراق؛ لادانی گەمارۆی دەریایی و کشانەوەی هێزەکان لە دەوروبەری ئێران؛ پێدانی قەرەبووی تەواوی زیانەکانی جەنگ، لادانی سەرجەم سزاکان و ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران. پێشتر ئەم مەرجانە بۆ رێککەوتنی ناوەکی بوون، بەڵام ئێستا ئێران تەنیا بۆ کردنەوەی گەرووەکە پێداگرییان لەسەر دەکات.
بەرپرسان دەڵێن ترەمپ هەفتەی رابردوو مەیلی بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەبوو، بەڵام رازی کرا کە هێورکردنەوە هەڵبژێرێت، چونکە جەنگ رێگە بە تاران دەدات لە دەرئەنجامەکانی قەیرانی ئابووریی ناوخۆی رابکات و ململانێکان لادان بن لە کێشە راستەقینەکان.
هاوکات، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ بە کەناڵی "فۆکس نیوز"ی راگەیاندبوو، "ئەم بابەتە هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە، ئێمە لە ناوەڕاستی یارییەکەداین و سەرجەم کەرەستە دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازییەکان بەکاردەهێنین بۆ مسۆگەرکردنی باشترین ئەنجام بۆ گەلی ئەمریکا."