عەزیزی: پڕۆژەیاسای دەستپێشخەریی ستراتیژی بۆ ئاسایشی گەرووی هورمز پەسەند کرا

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای دەستپێشخەریی ستراتیژی بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و گەشەپێدانی بەردەوامی گەرووی هورمز بە کۆدەنگی لە لایەن لیژنەکەیانەوە پەسەند کراوە.

یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای "دەستپێشخەریی ستراتیژی بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و گەشەپێدانی بەردەوامی گەرووی هورمز، لە لایەن ئەندامانی لیژنەکەوە بە کۆدەنگی پەسەند کراوە.

عەزیزی ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم پڕۆژەیاسایە بە تەواوی لە چوارچێوەی رێنماییەکانی رێبەری باڵای ئێران و بە سوودوەرگرتن لە پێشنیاز و تێبینییەکانی دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵات داڕێژراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم دەستپێشخەرییە ستراتیژییە، پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێرانە لە ناوچە هەستیار و ستراتیژییە ئاوییەکاندا.

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران روونیکردەوە، بڕیارەکە بە پشتیوانیی تەواوی ئەندامانی لیژنەکە تێپەڕیوە، ئەمەش گرنگیی ستراتیژیی ئەم دەستپێشخەرییە دەردەخات بۆ پاراستنی سەقامگیری، گەشەپێدانی بەردەوام و پەرەپێدانی بارودۆخی ئەمنی لە گەرووی هورمزدا.