میدیای ئیسرائیل: ناتانیاهۆ فشاری ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ رەتدەکاتەوە
کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات, ئیدارەی ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر تەلئەڤیڤ زیاتر کردووە بە مەبەستی راگرتنی شەڕ و گرژییەکان لە کەرتی غەززە، لوبنان و ئێران، بەڵام ئیسرائیل رووبەڕووی ئەم داواکارییانە بووەتەوە.
یەکشەممە 9ی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتی کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی، واشنتن دەیەوێت ئیسرائیل ئاستی هێرشە سەربازییەکانی کەم بکاتەوە، لە بەشێک لە پێگەکانی پێشووی لە باشووری لوبنان پاشەکشە بکات، و هاوکات کار لەسەر سەرخستنی پلانی پێکهێنانی هێزی فرەنەتەوەیی لە کەرتی غەززەدا بکات بە مەبەستی هێورکردنەوەی تەواوی دۆخەکە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە لە بەرامبەردا، ئیسرائیل رووبەڕووی جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانەی ئەمریکا بووەتەوە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە سوپای وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هێرشە پێویستەکان دژی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتەکە.
ناتانیاهۆ جەختی لەوەش کردەوە، ئیسرائیل بژاردەی هێرشی سەربازی بۆ سەر خاکی ئێران وەک خۆی دەپارێزێت، ئەگەر بێتو تاران سەرلەنوێ دەست بە پەرەپێدانی پڕۆگرامی ناوەکی یان پەرەپێدانی مووشەکە بالیستییەکانی بکاتەوە.
هەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵوێستی توندی تەلئەڤیڤی بەرامبەر بە پرسی ئاشتی دووپات کردەوە و رایگەیاند، ئیسرائیل پڕۆژەیاسا یان پێشنیازی ئەنجوومەنی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە جێبەجێ ناکات کە گۆڕانکاری لە پێگەی سەربازیدا بکات پێش چەکداماڵینی گشتیی بزووتنەوەی حەماس.