مەسرور بارزانی: لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەکانمان هەمەچەشن کردووە
مەسرور بارزانی، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە یەکەم رۆژەوە بێلایەنیی خۆی پاراستووە و نایەوێت ببێتە لایەنێک لە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە، هاوکات دڵنیایی دا کە خاکی هەرێم بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکار ناهێنرێت.
وێستگەکانی ژیانی تایبەتی سەرۆکی حکومەت
سەرۆکی حکوومەت لە دەستپێکی گوتەکانیدا ئاماژەی بە مێژووی ژیانی خۆی کرد و رایگەیاند: "من لە کوردستان و لە ناوچەیەکی شاخاوی بە ناوی (دیلمان) لەدایکبووم. دوا بە دوای نالەباریی بارودۆخی سیاسی، لە ساڵی 1975ـدا چوینە ئێران و تا ساڵی 1991 لەوێ ژیاین؛ بۆیە بە باشی بە زمانی فارسی دەدوێم. سەرەتا لە کەرەج و دواتر لە ئورمیە نیشتەجێ بووین.
باسی لەوە کرد، دوای گەڕانەوەمان بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ درێژەدان بە خوێندن چوومە ئەمریکا و لە ساڵی 1998ـدا گەڕامەوە."
مەسرور بارزانی، جەختی کردەوە کە ئێستا دۆخی هەرێمی کوردستان باشە و هەرێم وەک دۆستێکی نزیک بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەکە دەڕوانێتە پەیوەندییەکان.
هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر جەنگ و ململانێ ناوچەییەکان
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە زۆر ڕوون بووە و رایگەیاند: "لە یەکەم رۆژەوە وتوومانە کە نامانەوێت ببینە بەشێک لە ململانێی ناوچەکە. ئێمە دەستپێشخەری هیچ جەنگێک نەبووین و تەنیا ئامانجمان پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی بووە لە هەر جۆرە گرژییەک."
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، هەر جەنگێک لە کۆتاییدا بە رێککەوتنی ئاشتی کۆتایی دێت، بەڵام دوای بەفیڕۆدانی سامانێکی زۆر و قوربانیدانی مرۆیی گەورە، بۆیە باشترە لایەنەکان رێگەی سیاسی بگرنەبەر و بەرژەوەندیی سەرجەم لایەنەکان رەچاو بکەن.
مەسرور بارزانی هیوای خواست هەموو لایەک رێز لە یەکپارچەیی و سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن. ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەگەرچی هەوڵێک هەبووبێت بۆ پەلکێشکردنی هەرێم بۆ ناو جەنگ؛ بەڵام هیچ لایەنێک نەیتوانیوە فشار لە هەرێم بکات، چونکە بەرژەوەندیی نیشتمانی لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
کارتێکەریی جەنگ لەسەر ئابووری و سەقامگیری
سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا، مەسرور بارزانی دۆخەکەی بە سەخت وەسف کرد، چونکە ناسەقامگیری کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتی ئابووری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان دروست کردووە.
روونیشیکردەوە، کە ئێستا جۆرێک لە بێ متمانەیی لە ناوچەکەدا هەیە، چونکە ئاییندەی کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە نادیارە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لە هەرێمی کوردستان کە هیواخوازین بە زوویی بڕەوێتەوە.
دۆسیەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان
لەسەر پرسی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە هەرێم، سەرۆکی حکوومەت گوتی: "ئەم لایەنانە وەک پەنابەر لە پێش ساڵی 1991ـەوە لەم ناوچەیە نیشتەجێن و ئەم بابەتە وەک میراتێکی مێژوویی بۆ ئێمە ماوەتەوە. ئێمە ئەم کێشەیەمان دروست نەکردووە، بەڵام تەواوی هەوڵی خۆمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنەکان پابەندی سیاسەتی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن و نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ."
هێرشە مووشەکییەکان و پاساوە بێبنەماکان
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، بە داخەوە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە کە لە ناوخۆی ئێران یان لە لایەن هەندێک میلیشیای سەر بە عێراقەوە ئەنجام دراون.
هاوکات گوتی: "ئەم هێرشانە سەرلەبەری بێ پاساون؛ ئێمە زیانی مرۆییمان بەرکەوتووە و ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیلمان لەدەستداوە، شانبەشانی تێکدانی ژێرخانی مەدەنی. ئێمە سەرکۆنەی هەموو ئەم هێرشانە دەکەین، چونکە هەرێم نایەوێت وەک هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە سەیر بکرێت."
سەرۆکی حکوومەت ئەو پاساوانەی رەتکردەوە کە هێرشەکان دەبەستنەوە بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان. لەم بارەیەوە روونیکردەوە: "بنکەی ئاسمانیی هەریر ماوەی 10 ساڵە چۆڵە. ئەم بنکەیە لە شەڕی دژی داعش بەکارهێنرا و دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە لە ساڵی 2017ـدا بە تەواوی چۆڵکرا، بۆیە هێرشەکان دەکرێنە سەر بنکەیەکی بەتاڵ کە هیچ سەربازێکی ئەمریکی تێدا نییە."
باسی لەوەش کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر ئەرکیان تەنیا رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی هاووڵاتییان بووە لە هەڕەشەکانی داعش، بەڵام ئێستا ئەمریکا هێزی شەڕکەری لە هەرێمی کوردستاندا نەماوە.
چارەسەری کێشەی کورد لە ناوچەکەدا
سەبارەت بە پرسی کورد لە وڵاتانی ناوچەکە، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە باشترین رێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد گفتوگۆ و رێگەی ئاشتییانەیە، چونکە کورد پێکهاتەیەکی رەسەنی ئەم وڵاتانەیە کە تێیدا دەژیت و ناتوانرێت نکوڵی لە بوونی بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە وێناکردنی کورد وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بابەتێکی زۆر گەورەکراوەیە و هیچ کاتێک کورد ئەو نیازەی نەبووە کە دۆخی ناوچەکە تێکبدات، بەڵکو هەمیشە هەوڵی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی داوە.
پەیوەندییەکانی دەرەوە و پرسی ئیسرائیل
مەسرور بارزانی لەم بارەیەوە گوتی: "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و خاوەنی سیاسەتێکی دەرەوەی سەربەخۆ نییە، بۆیە ئێمە پابەندین بەو سیاسەتە دەرەوەیەی کە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دەیگرێتەبەر و بە فەرمی رایدەگەیەنین کە ئێمە هیچ جۆرە پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە."
چەکی دەرەوەی یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت
مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە سیاسەتێکی روونمان هەیە، سیاسەتی حکوومەتی فیدراڵی، بە تایەبتی ئەوەی عەلی زەیدی، کە جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت هیچ گرووپێکی لە یاسا دەرچوو لە دەرەی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق چەک هەڵبگرێت، ئێمە هەمان سیاستەمان هەیە، نابێت هیچ گرووپێک هەڕەشە بێت بۆ سەر عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
دەشڵێت: بەشێک لەو چالاکییانەی کە بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە دەیکەن، زیان بە عێراق دەگەینن بەر لەوەی بە دراوسێکانی بگەیەنن، ئێمە بینومانە زۆرێک لەو وڵاتانە کە چۆن وەڵامی هێرشی ئەو گرووپانەیان داوەتەوە، جا چ لە رێگەی مووشەک بێت یان لە رێگەی درۆنەوە.
سەرۆکی حکوومەت پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی لە کۆنترۆڵکردنی چەک و چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، تا ئێستا هەوڵێکی راستەقینە و سەربازی نەبووە بۆ داماڵینی چەکی ئەم گرووپانە، بەڵکو زیاتر هەوڵەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاشتی یان تێکەڵکردنیان بووە لەگەڵ هێزە ئەمنییە فەرمییەکاندا.
پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران کرد و گوتی: "عێراق و ئێران هاوسێی یەکترین و سنوورێکی فراوانیان پێکەوە هەیە، بۆیە بوونی پەیوەندی لە نێوانیاندا شتێکی سروشتییە بە مەرجێک لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش، پاراستنی سەروەری و متمانەی دوولایەنە بێت."
مەسرور بارزانی هیوای خواست کە عێراق لە بڕیارەکانیدا سەربەخۆ بێت و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و گەلەکەی بخاتە پێش هەموو شتێکی دیکەوە.
نوێ دەکرێتەوە..