کڵچدارئۆغڵو: بەبێ دوو دڵی بەشدارین لە پرۆسەی ئاشتیدا

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، هەڵوێستی پارتەکەی لەبارەی پێشنیازی بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی لە چوارچێوەی پرۆسەی "تورکیای بێ  شەڕ و ئاڵۆزیی" راگەیاند و جەختی کردەوە، جەهەپە لەم پرۆسەیەدا ئاراستەی دروست نیشان دەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەرامبەر بە هەر سیستەمێکی جیهانی کە هەوڵی تێکدانی ئارامیی تورکیا بدات، ئیرادەی گەل و بڕیاری دەوڵەت یەکلاکەرەوە دەبێت. راشیگەیاند "بۆ ئێمە پێکهاتەی دەوڵەتی یەکپارچە، چوار ماددە یەکەمەکەی دەستوور و برایەتیی لێکدانەبڕاوی نەتەوەکەمان بە هیچ شێوەیەک جێگەی مشتومڕ نین."

سەرۆکی گشتیی جەهەپە روونی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە پرۆسەی دابەشبوون یان پارچەبوون نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە پرۆسەی ساڕێژکردنی برینەکان و بەهێزکردنەوەی برایەتیی گەلە. جەختیشی لەوە کردەوە کە نەتەوەپەروەریی ئەوان بۆ یەکخستنی گەلە لە ژێر هەمان ئاڵادا، نەەک بەرامبەر بەیەک بوەستنەوە.

کڵچدارئۆغڵو ڕاشیگەیاند "بە بێ دوودڵی بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا دەکەین، بەڵام هەرگیز ڕێگە بە دەستوەردانی دەرەکی نادەین کە ئاژاوەی ناوخۆیی دروست بکات، وەک فراکسیۆنی جەهەپە، بەگوێرەی بەرپرسیارێتیی هەڵسوکەوت دەکەین، چونکە دەزانین ئەگەر برایەتی و یەکێتی بەهێز ببێت، تورکیا بەهێز دەبێت و داهاتوو مسۆگەر دەبێت."

رۆژی شەممە، 08ـی ئابی 2026، پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" کە بە پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی ناسراوە، لە لایەن لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا.

بڕیارە پڕۆژەیاساکەی پڕۆسەی ئاشتی بخرێتە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمانی تورکیا و لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا، دەنگی لەسەر بدرێت. 

پڕۆژەیاساکە ئێوارەی رۆژی هەینی، 07ـی ئاب، گەیشتبووە لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا و دوای تەنیا 18 کاتژمێر پەسەند کرا. 

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا 

لە کۆتایی ساڵی 2024: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و هاوپەیمانی ئەردۆغان، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.
26ـی تشرینی دووەمی 2024: راگەیاندنی فەرمیی دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی بۆ ئاشتی.
28ـی کانوونی یەکەمی 2024: دیداری پەروین بوڵدان و سەرى سوورەیا ئۆندەر (شاندی دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵی.
سەرەتای ساڵی 2025: ئۆجەلان لە زیندانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد.
1ـی ئاداری 2025: ڕاگەیاندنی فەرمیی ئاگربەست و ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ.
5 - 7ـی ئایاری 2025: بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12ی پەکەکە؛ دەرکردنی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
11ـی تەممووزی 2025: وەک هەنگاوێکی هێمادار بۆ قبووڵکردنی پەیامەکەی ئۆجەلان، گرووپێکی 30 کەسی لە گەریلاکان بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات (هاوسەرۆکی کەجەکە) لە ڕێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری ناوچەی شارباژێڕ / دوکان - سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند و کۆتاییان بە شەڕ هێنا.