سێنتکۆم: رێڕەوی 55 کەشتیی بازرگانیمان لە گەرووی هورمز گۆڕیوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگیی پێشکەوتوویان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوەپێکردووە و تاوەکو ئێستاش لە چوارچێوەی گەمارۆکانی سەر تاراندا رێڕەوی دەیان کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە.

دووشەممە 10ی ئابی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی سێنتکۆم لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هێزی دەریایی ئەمریکا لە سەر پشتی کەشتیی جەنگیی "USS Ross (DDG 71)" لە کەناراوەکان لە ئەرکدان. سێنتکۆم ئاشکرای کرد کەشتیی جەنگیی رۆس، یەکێکە لەو زیاتر لە 20 کەشتییە جەنگییە ئەمریکییەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاڵپشتیکردنی ئەرکە سەربازییەکان بڵاوەیان پێکراوە، کە لە پێشەنگیاندا جێبەجێکردنی توندی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکایە دژی ئێران.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا نوێترین ئاماری چالاکییەکانی هێزەکانی تا رێکەوتی 9ـی ئاب بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە مەرجەکانی گەمارۆکە، ئاڕاستە و رێڕەوی 55 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، 2 کەشتیی تریان بە تەواوی لەکارخستووە ، و چوونەتە سەر 2 کەشتیی بازرگانیی تریش بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە بارەکانیان.