سعوودیە 86%ـی مووشەکە پاتریۆتەکانی بەکارهێناوە
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران و بەردەوامبوونی جەنگی ئۆکرانیا دژی رووسیا، خواست لەسەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا پاتریۆت (Patriot) بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەیەکی مەترسیدار لە پاشەکەوتی مووشەکەکە لە ئەمریکا، وڵاتانی کەنداو و ئەورووپا.
دۆخی پاشەکەوت لە سعوودیەی و کەنداو
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تەنیا لە ماوەی 38 رۆژی جەنگی ئێراندا، سعوودیە بە رێژەی 86% مووشەکەکانی پاتریۆتی بەکارهێناوە، واتە وڵاتەکە زۆربەی مووشەکە بەرگرییەکانی لە کۆی 2,800 مووشەکی جۆری PAC-3 بەکارهێناوە و تەنیا نزیکەی 400 مووشەکی بەدەستەوە ماوە.
سەبارەت بە ئەمریکاش، ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەکان (CSIS) خەمڵاندوویەتی کە نزیکەی 65%ی مووشەکی پاتریۆتی ئەمریکا لە نێوان مانگەکانی شوبات و تەممووزدا بەکارهێنراون و ئێستا کەمتر لە 850 مووشەکی لەبەردەستدا ماوە، لە کاتێکدا پێش جەنگی ئێران ژمارەکەیان 2,330 مووشەک بووە، هەروەها پاشەکەوتی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی 'تاد' بۆ نزیکەی 250 مووشەک کەمبووەتەوە، لەبەر ئەم دۆخە، حکوومەتی ئەمریکا فرۆشتنی 5,250 مووشەکی بە وڵاتانی کەنداو (بەحرەین، کوەیت، قەتەر و ئیمارات) پەسەند کردووە.
گرێبەستە گەورەکانی بەرهەمهێنان و ئاستەنگەکان
لە 29ی تەممووزدا، سوپای ئەمریکا گەورەترین گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای لۆکهید مارتن واژۆکرد، ئەویش بەرهەمهێنانی مووشەکی پاتریۆتە بە بڕی 58.6 ملیار دۆلار بۆ ماوەی حەوت ساڵ. ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی سوپای ئەمریکا و کڕیارە بیانییەکانە.
سەڕەڕای ئەم گرێبەستانە، خێرایی بەرهەمهێنان هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی مەبەست، گەورەترین ئاستەنگ لە پرۆسەکەدا پەیوەندیدارە بە بەشی 'سەری ئاراستەکەر' کە لە کۆمپانیای بۆینگ بە رێژەی ساڵانەی 500 بۆ 650 دانە بەرهەم دەهێنرێت، کۆمپانیاکە هەوڵ دەدات خێراییەکە بەرز بکاتەوە؛ پلانی هەیە لە ساڵی 2026دا بەرهەم بگەیەنێتە 850 سەر و دواتر بیگەیەنێتە سێ ئەوەندە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی 2028-2029دا بەرهەمهێنان بگاتە نزیکەی 2,250 دانە لە ساڵێکدا و لە دوای ساڵی 2030وە 3 هەزار دانە تێپەڕ بکات.
جگە لەوەش، ئیدارەی ترەمپ لە داواکاریی بودجەکەیدا داوای 95 ملیار دۆلاری کردووە بۆ کڕینی تەقەمەنی لە ساڵی 2027دا، لەگەڵ 21 ملیار دۆلاری زیادە وەک پشتگیری. پلان وا دانراوە کە لە ساڵی 2027دا زیاتر لە 3 هەزار مووشەک بۆ سیستەمی پاتریۆت و نزیکەی 800 مووشەک بۆ سيستمی تاد دابین بکرێن، هاوکات، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ رێگەدان بە ئۆکرانیا بۆ دروستکردنی هەندێک لە پارچەکانی مووشەکی پاتریۆت بۆ کۆکردنەوەیان لە شوێنێکی تری ئەوروپا.
سیستەمی پاتریۆت چییە و چۆن کار دەکات؟
سیستەمی پاتریۆت کورتکراوەی Phased Array Tracking Radar for Intercept on Target) سیستەمێکی مووشەکیی جووڵاوی زەوی بۆ ئاسمانە کە لەلایەن کۆمپانیای ئەمریکی Raytheon Technologies لە ساکانی 1980وە پەرەی پێدراوە و بڕیارە تاوەکو ساڵی 2048 لە خزمەتی سەربازیی بمێنێتەوە، هەر پاتریۆتێک بریتییە لە ڕادار، سیستەمی کۆنتڕۆڵ، یەکەی هێز، سەکۆی هاویشتن و ئۆتۆمبێلی پشتگیریکەر. پاتریۆت توانای خستنەخوارەوەی فڕۆکە، مووشەکی بالیستیی تاکتیکی و مووشەکی کروزی هەیە.
راداری سیستەمی پاتریۆت مەودایەکی زیاتر لە 150 کم (93 مایل) هەیە و دەتوانێت لە یەک کاتدا چاودێری 100 ئامانجی ئەگەری بکات، سەرەڕای ئەوەی سەرەتا بۆ مووشەکی هایپەرسۆنیک دروست نەکرا بوو، بەڵام لە 2023دا ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئۆکرانیا توانیویەتی مووشەکی رووسی (Kinzhal) کە بە هایپەرسۆنیک ناسراوە بە پاتریۆت بخاتە خوارەوە، هەروەها دەیان مووشەکی بالیستیی ئێرانی لە کەنداو تێکشکێندراون، بەڵام وردەکارییەکانیان بڵاونەکراونەتەوە.
بڵاوبوونەوە و تێچوو
تا ئێستا کۆمپانیای ڕایتیۆن زیاتر لە 240 یەکەی پاتریۆتی دروستکردووە و رادەست کردووە. لە جیهاندا 19 وڵات ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن (وەک ئەمریکا، ئەڵمانیا، پۆڵەندا، ئۆکرانیا، ژاپۆن، قەتەر، سعوودیە و میسر)، کە 16 وڵاتیان خاوەنی نوێترین مووشەکی PAC-3 MSEن، و 6 بۆ 8 وڵات داوای مووشەکی زیاتریان کردووە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانیان.
لە رووی تێچووەوە، بەپێی خەمڵاندنی ناوەندی CSIS، نرخی یەک پاتریۆتی تازە بەرهەمهاتوو زیاتر لە 1 ملیار دۆلارە (کە 400 ملیۆن دۆلاری بۆ سیستمەکەیە و 690 ملیۆن دۆلاری بۆ مووشەکەکانی ناو پاتریۆتەکەیە). نرخێکی مەزەندەکراوی هەر مووشەکێکی بەرگری ئاسمانی PAC-3 دەکەوێتە نێوان 4 ملیۆن بۆ 5 ملیۆن دۆلار.