فیلمێکی کوردی لە وڵاتی ئوسترالیا پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات

کورتەفیلمی "دەریای هیوا"، لە خولی 26ەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی زانستی سینەما کە لە وڵاتی ئوسترالیا بەڕێوەدەچێت، پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی ئابی 2026، جوبڕائیل ئەبوبەکر، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە بە کوردستان24ی گوت، "لەو فێستیڤاڵە لەکۆی 4600 فیلم، تەنیا 110 فیلم وەرگیراوە،  فێستیڤاڵەکە بە گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمی زانستی لە نیمچەگۆی باشوور ناسراوە و ئێستا لە ساڵی 26ەمینی بەڕێوەبردنی خۆیدایە و فێستیڤاڵەکە هەوڵ دەدات باشترین بەرهەمەکانی سینەمای زانستی لە سەرانسەری جیهان پیشان بدات."

گوتیشی، "فستیڤاڵەکە تەنیا فیلمی درێژ نییە، بەڵکو فیلمی کورت، دۆکیۆمێنتاری، زنجیرەی تەلەفزیۆنی، ڤیدیۆی ستوونی، ڤیدیۆی پەروەردەیی و ئەنیمەیشنیش وەردەگرێت، بە مەرجێک بابەتەکە پەیوەندییەکی روونی بە زانستەوە هەبێت."

جوبڕائیل ئەبوبەکر باس لە چیڕۆکی کورتەفیلمەکە دەکات و دەڵێت، "فیلمی "دەریای هیوا" کورتە فیلمێکە کە پەردە لەسەر زیانە وێرانکەرەکانی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانەی کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، ئاشکرا دەکات. فیلمەکە بە گرنگیدان بە شوێنەواری سۆزداری و جەستەیی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، شوێنپێی گەشتەکانی تاکەکان دەگرێتەوە کە ناچارن لە ماڵەکانیان هەڵبێن، هەموو شتێک دەخاتە مەترسییەوە کاتێک بە رێگە مەترسیدارەکاندا دەڕۆن کە مردن و خنکان لە هەموو وەرچەرخانێکدا دەڕوانن، لە گەڕانێکی بێهیوادا بۆ سەلامەتی و ژیانێکی به کەرامەت."

خولی 26ەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی زانستی سینەما، بڕیارە 12ی ئابی 2026، لە وڵاتی ئوسترالیا بەڕێوەبچێت و ماوەی 18 رۆژ بەردەوام دەبێت.

جوبڕائیل ئەبوبەکر، کە کارمەندی دامەزراوەی کوردستان24ە، بەشداری چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی کردووە و  تا ئێستا 6 جار لە وڵاتی تورکیا بە کورتەفیلمی "دەریای هیوا"، کاندید کراوە بۆ بردنەوەی خەڵات.