هەشت حەشارگەی داعش لە کەرکووک وێران کران

فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی عێراق بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری، زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر حەشارگەکانی رێکخراوی داعش لە سنووری کەرکووک و هەشت حەشارگە بە تەواوی خاپوور کرد.

لە راگەیەنراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا هاتووە، لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر و خاپوورکردنی حەشارگەکانیان، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە سنووری کەرکووک بەڕێوەچوو.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی دروست و پشتڕاستکراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی، دەرکەوت پاشماوەکانی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری بەرپرسیارێتیی فیرقەی 11ـی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک هەیە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی باسی لەوە کردووە، بە هەماهەنگیی باڵا لەگەڵ فەرماندەیی هێزی ئاسمانی و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی شانەی بەئامانجگرتن لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، چەندان هێرشی ئاسمانیی چڕ کرانە سەر مۆڵگەی تیرۆریستان لەرێگەی فڕۆکەی جۆری (سێسنا کاراڤان)ـەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا هەشت حەشارگە بە تەواوی خاپوور کران و دواتریش وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە زیانەکانی چەکدارانی داعش بڵاو دەکرێتەوە. 

سەرەڕای راگەیاندنی کۆتاییهاتنی رێکخراوی داعش لە عێراق لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017، بەڵام هێشتا پاشماوەکانی ئەو رێکخراوە لە ناوچە سەختەکان و دۆڵەکانی پارێزگای کەرکووک وەک حەشارگە بۆ خۆڕێکخستنەوەیان بەکار دەهێنن، بەتایبەتی لە دۆڵی چای و زەغەیتوون لە باشووری رۆژئاوای پارێزگاکە. 

هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوام ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن و بۆردومانی ئاسمانی لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی تێکدەرانە.