حەیدەر عەبوودی: هەر گرووپێک چەک دانەنێت بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری پەیوەست بە پەیوەندییەکانی عێراق و سعوودیە، دابینکردنی مووچە لە سایەی قەیرانی داخستنی گەرووی هورمز، و چارەنووسی هێزەکانی هاوپەیمانان و چەکی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق خستەڕوو.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێشوەختە بە هەماهەنگی لە نێوان بەرپرسان و حکوومەتدا بەڕێوەچووە، ئەوەش لە پێناو پشتگیریکردنی کارەکانی حکوومەت و بڕگەكانی بەرنامەی وەزاری.
لەبارەی مووچەوە گوتی: حکوومەتی عێراق پابەندە بە دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دابەشکردنی مووچە دەکەن لە ماوەی هەر 40 رۆژ جارێکدا.
عەبوودی راشیگەیاند "عێراق لە مانگی شوباتی رابردووەوە نەوتی هەناردە نەکردووە، دوای داخستنی گەرووی هورمز، هەناردەی نەوتیش کەمیکردووە و لە مانگی نیساندا گەیشتووەتە 4 ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا".
روونیشیکردەوە، حکوومەت کار دەکات بۆ پاراستنی گەلی عێراق و ناردنی پەیام بۆ وڵاتانی ناوچەکە کە عێراق نابێتە سەرەتایەک بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ، دووپاتیشی کردەوە، ێبەجێکردنی بەرنامەی وەزاری بەردەوامە.
دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک
سەبارەت بە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک بە دەست دەوڵەتەوە، عەبوودی ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆکان لە رێگەی چەند رێڕەوێک و بە چاودێریی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران، لە چوارچێوەی دەقە دەستووری و یاساییەکان و بنەمای دەوڵەتی دامەزراوەیی بەڕێوەدەچن، هەروەها ئاماژەی بە بوونی نیگەرانی و تێبینی لەلایەن هەندێک لایەنەوە کرد، بەڵام جەختی کردەوە حکوومەت هەوڵ دەدات تاوەکو 30ـی ئەیلوول وەک مۆڵەتی دیاریکراو دانراوە، چەک تەنیا لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت.
سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ سعوودیە
لەبارەی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سعوودیە، گوتەبێژی حکوومەت ئاشکرای کرد، بانگهێشتنامەیەک ئاراستەی سەرۆکوەزیران کراوە بۆ سەردانیکردنی سعوودیە، بەڵام تا ئێستا کاتی سەردانەکە یەکلایی نەکراوەتەوە. روونی کردەوە، عێراق لە ئێستادا سەرۆکایەتیی کۆمکاری عەرەبی دەکات، بانگهێشتنامەکەش لە دوای گرژییە دواکەوتووەکانی پاش بەئامانجگرتنی پێگەکانی حەشدی شەعبی هاتووە.
مۆڵەتی 30ـی ئەیلوول و بڕیارەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت
دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان بە یەکێک لە هەستیارترین دۆسیەکان بۆ حکوومەتی عێراق ئەژمار دەکرێت، بەتایبەت کە مۆڵەتی 30ـی ئەیلوول نزیک دەبێتەوە کە لەلایەن هێزە سیاسییە سەرەکییەکانەوە وەک دوا وادە دیاریکراوە بۆ خستنەژێر دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکانەوە.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە پێکهاتووە لە دیارترین هێزە سیاسییەکانی شیعە، سوننە و کورد، لە کۆبوونەوەی خۆیدا لە 5ـی ئاب جەختی لەسەر پێویستیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کردبووەوە، هەر لایەنێک کە دەرچوو لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکان هەڵسوکەوت بکات و هەڕەشە لە ئارامیی وڵات بکات، بە "دەرچوو لە یاسا" ناساند و جەختی لە بەرەنگاربوونەوەیان کردەوە.
هاوکات هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق ئاستی ئامادەباشیی خۆیان لە سەرانسەری وڵاتدا بەرزکردووەتەوە و مۆڵەتی ژمارەیەک لە فەرماندەکان هەڵوەشێنراونەتەوە.