حەشدی شەعبی وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەداتەوە
حەشدی شەعبی رەتی دەکاتەوە خاوەنی ئەو بارەگا وەهمییانە بێت کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە داخراون و هۆشداریش دەداتە هەر کەسێک ناوی ئەو هێزە بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکار بهێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، کەمێک دوای کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق راگەیەنراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو بارەگا وەهمییانەی وەزارەتی ناوخۆ باسی کردوون و دایخستوون، هیچ پەیوەندییەکیان بە دەستەی حەشدی شەعبیەوە نییە.
هەروەها باس لەوە کراوە، رێکارەکانی داخستن و چاودێریکردنی ئەو شوێنانە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگا ئەمنییەکاندا بووە. ئەم کارەش بەشێکە لە هەنگاوەکانی لێژنەی هەمیشەیی بۆ کۆکردنەوە و داماڵێنی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت و بڕیارەکەش لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دەرچووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، دەستەی حەشدی شەعبی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، رێکاری یاسایی و کارگێڕیی تایبەت بەرانبەر هەر کەسێک دەگرنەبەر بە هەر شێوەیەک هەوڵ بدات لە پەنای پێگەی حەشدی شەعبییەوە دەرفەت بقۆزێتەوە و ناوی ئەو هێزە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت.
حکوومەتی عێراق لە ماوەی رابردوودا هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و نەهێشتنی دیاردەی چەکداریی دەرەوەی یاسا دەست پێکردووە. بۆ ئەم مەبەستە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لێژنەیەکی باڵای پێکهێناوە بە مەبەستی داخستنی ئەو بارەگا ساختانە و دەستبەسەرداگرتنی چەکەکانیان.
ئەم پرۆسەیە بە هەماهەنگی لە نێوان دەزگا ئەمنییە جیاوازەکاندا بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی رێگری لە تێکدانی سەقامگیریی وڵات و هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بکرێت.