سێ سزای زیندانی بۆ فەرمانبەرێکی ساختەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەریی دەرچوو
دادگای تاوانەکانی نەجەف سێ سزای زیندانیکردنی بۆ تۆمەتبارێک دەرکرد کە ناوی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەکارهێناوە بۆ فێڵکردن لە هاووڵاتییان و وەرگرتنی پارە، ئاماژە بەوەش دراوە کە تۆمەتبارەکە بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی سزای گەندەکارانی کردووە.
رۆژی دووشەممە، 10ی ئابی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی نەجەف تایبەت بە کەیسەکانی دەسپاکی، سێ سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی شەش ساڵ بۆ هەر سزایەکیان بەسەر تۆمەتبارێکدا سەپاند، ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێنرا کە ناونیشانی وەزیفی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و لیژنەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکارهێناوە.
تۆمەتبارەکە ئەو پلە و ناونیشانە وەهمیانەی بەکارهێناوە بۆ داواکردنی بڕە پارە لە هاووڵاتییان، بەو بیانووەی کە گوایە دەسەڵاتی هەیە رێکارە یاساییەکان لەدژی ئەو کەسانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بە تۆمەتی گەندەڵی لە لایەن دادگاکانەوە سزادراون.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری روونیشیکردەوە، کە سزاکان بەپێی بڕگەکانی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983 دەرکراون، ئەوەش وەک سزایەک بۆ بەکارهێنانی ناوی دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی فێڵکردن و وەرگرتنی پارە.