بەقایی: رێککەوتنی مەککە دەرخەری ئەوەیە بەدیهێنانی سەقامگیری لە رێگەی ئەمریکا نەماوە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، رایگەیاند، رێککەوتنی مەککە ئەنجامی ئەو تێگەیشتنەیە کە وڵاتانی ناوچەکە بۆیان دەرکەوتووە، بەدیهێنانی ئاسایش لە رێگەی ئەمریکاوە چارەسەر نییە"، داواشی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد پەیوەندییەکان، متمانە و ئاسایشی خۆیان بەبێ پشتبەستن بە یاریکەرانی دەرەکی بەهێز بکەن.

ئیسماعیل بەقایی، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا گوتی: ئێران هیچ پاساوێکی بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی رێککەوتنی نێوان تورکیا، سعوودیە و پاکستان بە ئاراستەی دژایەتیکردنی خۆی سەیر بکات، هاوکات جەختیشی لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هاوکارییە هەرێمییەکان کردەوە.

بەقایی داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد، رێگا نەدەن خاکەکەیان بۆ هیچ هێرشێک دژی ئێران بەکار بهێنرێت،  دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی بەرامبەر دەستوەردانە دەرەکییەکان دەوەستێتەوە. 

راشیگەیاند، وڵاتەکەی بۆ کۆمەڵگەی نێودەولەتی سەلماندووە کە بەشداریکردنی لە پەیماننامە نێودەولەتییەکاندا پشت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دەبەستێت.

سەبارەت بە دابڕانی هاتوچۆی کەشتیوانی، بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، کردنەوەی گەروی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانیدا پەیوەستە بە بارودۆخی مەیدانی و مەرجەکانی وڵاتەکەیەوە، جەختیشی کردەوە، تاران رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووەکە نادات تا ئەو کاتەی جەنگ بەردەوام بێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە دانوستانە بەردەوامەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عومان سەبارەت بە گەروی هورمز ئامانج لێیان دیاریکردنی رێڕەوی کەشتیوانییە، ئەو گفتوگۆیانەی بە بونیادنەر و ئەرێنی وەسف کرد.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی "ئاساییە گەروی هورمز داخراو بێت بۆ ئەوەی رێگری لە بەکارهێنانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بگیرێت"، روونی کردەوە، "کردنەوەی گەرووەکە پەیوەستە بە بارودۆخ و مەرجەکانی ئێرانەوە"  هەروەها تا ئەو کاتەی جەنگ هەبێت، رێگە بە پەڕینەوەی کەشتییەکان نادەین.

سەبارەت بە رسومات و باجەکان، بەقایی روونی کردەوە، ئەم دۆسیەیە لە کاتی گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی عومانی سەبارەت بە گەرووەکەدا باس نەکراوە، بەڵام بە شتێکی سروشتی زانی بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان کرێ وەربگیرێت.

لێدوانەکانی بەقایی لە کاتێکدا دێن کە دانوستانەکانی ئێران و عومان سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەشتیوانی لە گەروی هورمز بەردەوامن، لە ناو هەوڵەکان بۆ گەیشتن بەو رێکخستنانەی کە رێگە بە دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییە جیهانییەکان بدەن.