جەزائیری: ئێران داوای وەستاندنی هێرشەکانی سەر سعوودییەی کردووە

عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی نیشتمانیی عێراق
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی نیشتمانیی عێراق

سەرکردەیەکی سیاسی دەڵێت، هەفتەی داهاتوو سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی گرنگ سەردانی سعوودییە دەکات. دەشڵێت، دانوستانی نهێنی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی نیشتمانیی عێراق، لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24، جەختی کردەوە، دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق پێی ناوەتە قۆناخی دووەم و گرنگترینەوە و ئامانج لێی سەرکردە سیاسییەکان و بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتە. 

جەزائیری روونی کردەوە، قۆناخی دووەم دەستی پێکردووە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وەستانی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی بەهۆی سەرقاڵبوونی سەرۆکوەزیران بە پرسە هەرێمی و دەرەکییەکانەوە، بەڵام دەرچوونی فەرمانەکانی دەستگیرکردن لەم دواییەدا بەردەوامیی ئەم هەنگاوەی سەلماند.

جەزائیری ئاماژەی بە دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەشت کەسایەتیی دیار کرد، دوو لەو کەسانە بەکردەیی دەستگیر کراون و بەدواداچوونی یاساییش بۆ شەش کەسی دیکە بەردەوامە. گوتیشی، لێژنەی باڵای ناوەندی لە دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوە لە دۆسیە هەستیارەکان دەکات و دوو وەزیر و دۆسیەی وەزارەتی کارەبا و گرێبەستەکانی پڕچەککردن و هاوردەکردنی بارهەڵگر لە وەزارەتی بەرگری لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ دۆسیەکانی وەزارەتی ناوخۆ و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی.

لەبارەی دۆسیەی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کاروباری کۆمەڵایەتی، جەزائیری ئاماژەی بەوە دا، لێکۆڵینەوەکان لە نزیکەی 28 رۆژ پێش ئێستاوە دەستیان پێکردووە، ئەمەش دوای دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلێکی گوماناوی لە بەغدا دەرکەوتووە سەر بە کەسە نزیکەکانی ئەو بووە. گوتیشی، دوای دانپێدانانی دەستگیرکراوەکان بە تێوەگلانی ئەسەدی لە پرسی دارایی و لەبەرئەوەی لە ئێستادا لە ئوسترالیایە، دەستەی دەستپاکی نووسراوی بۆ وەزارەتی دەرەوە کردووە بۆ ئەوەی بە فەرمی لەگەڵ ئینتەرپۆل قسە بکات بۆ گەڕاندنەوەی و ئامادەبوونی لەبەردەم دادگای عێراق.

سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی نیشتمانی جووڵەیەکی دیپلۆماسیی باڵای ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سعوودیە بکات. زەیدی بەرپرسیارێتیی سێ دۆسیەی ئاڵۆز و هەستیاری لەئەستۆدایە کە بریتین لە کۆنترۆڵکردنی چەک، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دۆسیەی ئابووری.

لە رووی ئەمنییەوە، جەزائیری جەختی لەوە کردەوە کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە داواکارییەکی گرنگی مەرجەعیەتی باڵای ئایینییە و کەمتەرخەمی لەم دۆسیەیەدا بە مەترسییەکی زۆر وەسف کرد. 

هاوکات ئاشکرای کرد نێوەندگیرییەکی ئێران هەیە بۆ رێگریکردن لە گرژیی سەربازی دژی سعوودیە، سەرکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکیان گەیاندووەتە هادی عامری بۆ ئاگادارکردنەوەی گرووپە چەکدارەکانی نوجەبا و کەتائیبی حزبوڵڵا و ئەبو ئالا وەلائی بۆ وەستاندنی هەر هێرشێک بۆ سەر سعوودیە و پەنابردن بۆ چارەسەری دیپلۆماسی لە جیاتی سەربازی، بەتایبەتی بەهۆی بوونی گفتوگۆی ئاستبەرزی نێوان عێراق و سعوودییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاشکرای کرد ، حکوومەتی عێراق رووبەڕووی ئاستەنگی ئاڵۆز دەبێتەوە لە سێ دۆسیەی سەرەکیدا، ئەوانیش گەندەڵی، ئابووری و کۆنترۆڵکردنی چەکن. 

هاوکات جەزائیری ئاماژەی بە هەبوونی لێکتێگەیشتنی نهێنی هاوشێوەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا کرد، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕکردنی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بە مسۆگەرکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە و وەستاندنی چالاکیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکانی وەک جرف نەسر.