کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی مووچە لە بەغدا دەستیپێکرد

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و هەروەها ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، چەندین رێگاچارەی پێویست و نەخشەرێگا بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە داراییە و دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران دەخەنەڕوو.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، شیڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا رایگەیاند: دوای کاتژمێر سێی نیوەڕۆ ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکرد، هەروەها ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکەن.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چڕ دەکرێن لەبارەی ئەو زیانانەی بەر عێراق کەوتوون، چونکە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز نزیکەی 150 ملیار دۆلار زیان بەر عێراق کەوتووە، هاوکات راپۆرتێک لەلایەن لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئامادەکراوە لەبارەی ئەو گرفتانەی رووبەرووی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە.

هاوکات پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکوەزیرانی عێراق، دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: لەم دانیشتنەدا بە درێژی پرسی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەین.

هەروەها باسی لەوە کرد، لەگەڵ سەرۆکوەزیران گفتوگۆ لەسەر تێکڕای دۆخی دارایی و ئاستەنگەکان دەکەن و چەندین رێگاچارەی پێویست و نەخشەرێگا بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە داراییە و دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران دەخەنەڕوو.