سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گەیشتە بەغدا
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئیسلامیی ئێران بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەدایە بۆ تاوتوێکردنی چەندین دۆسیەی ئابووری، ئەمنی و سیاسی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کردووە کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، عێراق تووشی گەمارۆیەکی ئابووری هاتووەتەوە و نزیکەی 150 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، حکوومەتی عێراق لە رێگەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە داوایان لە قالیباف کردووە کە گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە نەوتییەکانی عێراقدا بکرێتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە قووڵبوونەوەی زیاتر لە قەیرانی ئابووریی وڵاتەکە بگرێت.
هاوکات سەرچاوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەش دا، سەرباری پرسی رێڕەوی نەوت و زیانە ئابوورییەکان، لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، چەندین دۆسیەی گەرم و گرنگی ئەمنی، سیاسی و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران دەخرێنە ڕوو.