پێنتاگۆن: کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی وڵاتەکەی لە جیبۆتی راگەیاند

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، فڕۆکەیەکی سەربازی لە نزیک فڕۆکەخانەی "شەبێلی" لە وڵاتی جیبۆتی کەوتووەتە خوارەوە.

دووشەممە 10ـی ئابی 2026، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەفریقا (ئەفریکۆم) پشتڕاستی کردەوە، رووداوەکە لە نزیک فڕۆکەخانەی شەبێلی روویداوە و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەی ورد بۆ زانینی هۆکارەکانی دەستیپێکردووە، هاوکات رایگەیاندووە، فڕۆکەکە لە جۆری ( ئێم کیو 9 ڕاپەر )ـە.

 

بەپێی بەیاننامەکە، رووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 10ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆی جیبۆتی روویداوە، سەبارەت بە زیانەکان، ئاماژە بەوە کراوە تائێستا هیچ راپۆرتێکی فەرمی لەبارەی هەبوونی بریندار یان گیانلەدەستدان و زیانی ماددی بڵاونەکراوەتەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا پێنتاگۆن ئاشکرای کرد، بەپێی ئاماژە و زانیارییە سەرەتاییەکان، کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەهۆی دەستوەردانی دەرەکی یان هێرشەوە نەبووە، بەڵکو لێکۆڵینەوەکان لەسەر هۆکارە تەکنیکییەکان بەردەوامن.