ئاژانسی ئەتۆم ماددە ناوەکییەکانی پێگەیەکی نهێنیی سووریا دەگوێزێتەوە

ماڵپەڕی "ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە ماوەیەکی نزیکدا سەرجەم ماددە ناوەکییە کۆگاکراوەکان لە پێگەیەکی نهێنیی سووریا دوور دەخاتەوە، ئەمەش دوای لێک تێگەیشتنی نهێنیی نێوان واشنتن، دیمەشق و تەلئەڤیڤ بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەکەدا.

بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، ئەم رێککەوتنە لە دوای پەککەوتنی پڕۆگرامی ناوەکیی پێشووی رژێمی ئەسەد دێت کە لە دەوری بزوێنەری کیبار چڕبووەوە و لە ساڵی 2007دا لە لایەن هێزی ئاسایی ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا و تێکشکێنرا. دوای رووخانی رژێمەکە، ئاژانسی ئەتۆم رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریادا واژۆ کرد بۆ بەدواداچوونی پێگە ناچالاکەکان.

چارڵز لیستەر، توێژەر لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە، حکوومەتی نوێی سووریا زۆر پەرۆشە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرسە هەستیارە مێژووییەکانی ئەسەد (چەکی ناوەکی و کیمیایی) تا پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی چاک بکاتەوە و دڵنیایی بە وڵاتان بدات.

ئەکسیۆس ئاشکرای دەکات، یەکێک لەو پێگە هەستیارانەی ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چاودێری کردووە، بە ناوی پێگەی 99 ناسراوە. بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن پاشماوەکانی پڕۆژەی کیبار و ماددەی ناسراو بە "کێکی زەرد" کە جۆرێکە لە ئۆرانیۆمی خاو، لەوێ کۆگاکراوە. هەرچەندە ئەم کەرەستانە راستەوخۆ بۆ چەکی ناوەکی بەکار نایەن، بەڵام دەکرێت بۆ دروستکردنی "بۆمبێکی پیس" بەکار بهێنرێن کە تیشکی زیانبەخش بڵاو دەکاتەوە. هەر بۆیە، سوپای ئیسرائیل (IDF) کەمێک دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، دەروازەکانی ئەم پێگەیەی بۆردوومان کرد تاوەکو رێگری لە چوونە ناوەوەی بکات.

بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و هاوتەکەی لە ئیسرائیل خەریکی گفتوگۆ بوون لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ "پێگەی 99". ئیسرائیل راستەوخۆ هەڕەشەی بۆردوومانکردنی دووبارەی پێگەکەی کردبوو ئەگەر دەرکەوت تاران یان سووریا دەیانەوێت دەستیان بەو ماددانە بگات. لەم دواییانەشدا، تەلئەڤیڤ هەستی بە چەند جووڵەیەکی گوماناوی لە پێگەکەدا کرد، و تەنانەت ترسی ئەوەیان هەبوو کە تورکیا هاوکاریی حکوومەتی سووریا بکات بۆ بەدەستخستنی ئەو ماددە ناوەکییانە.

ئیدارەی ترەمپ داوای لە ئیسرائیل کرد لە هێرشکردن پەلە نەکات و ئاژانسی ئەتۆمی هێنایە ناو هاوکێشەکەوە. کاتێک ئەمریکا بابەتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سووریا باس کرد، ئەوان رایانگەیاند ئاگاداری بوونی ئەو ماددە ناوەکییانە نەبوون و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری دەربڕی.

لە ئەنجامدا، سێ هەفتە لەمەوبەر، رێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان حکومەتی سووریا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ گواستنەوەی سەرجەم ماددە ناوەکییەکان لەو شوێنەدا واژۆکرا. بەرپرسانی ئەمریکی جەخت دەکەنەوە کە کار لەسەر پێگەی 99 وەک ئۆپەراسیۆنێکی بەردەوام وایە و هەرچەندە هێشتا ماددەکان نەگوێزراونەتەوە، بەڵام گەشبینن بەوەی بە زوویی پڕۆسەکە دەستپێبکات و پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ بە تەواوی کۆتایی پێ بهێنرێت.