لە کۆنگۆ ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی ئیبۆلا گەیشتە دوو هەزار کەس

بەرپرسانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ ئامارە نوێیەکانی قوربانییانی پەتای ئیبۆلایان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنن کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی نەخۆشییەکە بووەتەوە.

رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، بەرپرسانی تەندروستی لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ  رایانگەیاند، کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی پەتای ئیبۆلاوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 2011 کەس، ئەمەش لە کۆی 4381 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تووشبوون بەو ڤایرۆسە.

ئەم شەپۆلەی نەخۆشییەکە، کە زیاتر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی گرتووەتەوە (کە ناوچەی ململانێی چەکدارین)، زۆر نزیک بووەتەوە لە ئامارەکانی کوشندەترین شەپۆلی ئیبۆلا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە لە نێوان ساڵانی 2018 تاوەکو 2020 روویدا و تێیدا نزیکەی 2300 کەس گیانیان لەدەستدا.

 ڤایرۆسی ئیبۆلا چییە؟
ڤایرۆسی ئیبۆلا یەکێکە لە مەترسیدارترین نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان کە دەبێتە هۆی "تای خوێبەربوون". بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1976 لە نزیک رووباری ئیبۆلا لە کۆنگۆ دۆزرایەوە. ئەم ڤایرۆسە لە رێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ خوێن، شلەمەنییەکانی جەستەی کەسی تووشبوو، یان ئاژەڵی کێوی وەک مەیموون و شەمشەمەکوێرە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

نیشانەکانی سەرەتای نەخۆشییەکە بریتین لە تایەکی بەهێز، ئێشی ماسولکە، سەرئێشە و قوڕێشە، بەڵام لە قۆناخە پێشکەوتووەکاندا دەبێتە هۆی رشانەوە، سکچوون و خوێنڕێژی ناوخۆیی و دەرەکی. رێژەی گیانلەدەستدان بەم ڤایرۆسە زۆر بەرزە و لە هەندێک شەپۆلدا گەیشتووەتە 90%، ئەمەش وای کردووە وەک هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی تەندروستی جیهانی تەماشا بکرێت.