کەجەکە: پشتگوێخستنی ئۆجەلان گەورەترین کەموکوڕیی یاسای پڕۆسەی ئاشتییە

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پێداگری دەکات، دەرچوونی یاسای چوارچێوە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بەبێ رۆڵی کارای عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیچ ئەنجامێکی نابێت و بە مردوویی دەمێنێتەوە.

ئەو بەرپرسە ئاشکرای کرد، هەرچەندە ئامادەکردنی یاسای چوارچێوە بۆ پڕۆسەی چارەسەری دوای یەک ساڵ و نیوێک لە بانگەوازی ئاشتی هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام پشتگوێخستنی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک سەرۆکی شاندی دانوستانکار، گەورەترین کەموکوڕیی نێو رەشنووسەکەیە.

قەرەسوو پێداگری لەوە کردەوە، هیچ هەنگاوێکی پڕۆسەکە بێ بەشداریی کارا و راستەوخۆی ئۆجەلان سەرکەوتوو نابێت، لەبەرئەوەی بەبێ رێنمایی ئەو، هیچ چەکدارێک یان کادرێکی پەکەکە هەنگاوی تاکەکەسی نانێت. 

هەروەها روونی کردەوە، تەنیا ئۆجەلان دەتوانێت کۆتایی بە قۆناخی چەکداری و دەستپێکی قۆناخی سیاسی بهێنێت، بۆیە پێویستە لە ناوەڕۆکی یاساکەدا رۆڵی وەک هەماهەنگکاری ئاشتی بە روونی بخرێتە نێویەوە.

لە درێژەی گوتەکانیدا قەرەسوو ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت پڕۆسەکە تەنیا لە چوارچێوەی چەکداناندا کورت بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێت وەک دەستپێکێک بێت بۆ چارەسەرکردنی سیاسی و یاسایی کێشەی کورد، مێژووەکەی بۆ 100 ساڵ دەگەڕێتەوە. 

بە بڕوای ئەو بەرپرسە، ئەم یاسایە کاتێک دەگاتە ئەنجامی راستەقینە، لەگەڵیدا هەنگاوی رژد بۆ بەدیموکراتیکردنی تورکیا و ئازادیی بیروڕا و رێکخستنی سیاسی بنرێت، ئەگەرنا یاساکە بە مردوویی دەمێنێتەوە.

رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ، پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای "به‌هێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵایه‌تی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پڕۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.

پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پڕۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران. 

پڕۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتبوو لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەشکرابوو.