ئۆپێك: خواست لەسەر نەوت بەرزدەبێتەوە و بەرهەمهێنان زیاد دەکرێت

رێکخراوی ئۆپێك، لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا بۆ مانگی ئابی 2026، پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووری جیهان لەمساڵدا بۆ 3% کەمکردەوە، لەکاتێکدا پێشتر پێشبینی کرابوو رێژەکە 3.2% بێت بۆ ساڵی 2027، هاوکات رێکخراوەکە پێشبینی دەکات خواست لەسەر نەوت لە ساڵی 2026 بە بڕی 600 هەزار بەرمیل رۆژانە گەشە بکات و لە ساڵی 2027ـدا بۆ 2.2 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بەرز ببێتەوە.

چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، رێکخراوی ئۆپێک لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاماژەی بەوەکردووە، تێکڕای نرخی نەوتی خاوی ئۆپێك لە مانگی تەممووزی رابردوودا بە رێژەی 6.76 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دابەزیوە و گەیشتووەتە 82.99 دۆلار، هەروەها تێکڕای نرخی خاوی برێنت 83.97 دۆلار و خاوی تەکساس 79.22 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك تۆمار کراوە.

ئۆپێك روونیکردووەتەوە، بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە راگەیاندنی هاوکاری لە مانگی تەممووزدا بە بڕی 1.42 ملیۆن بەرمیل رۆژانە زیادی کردووە و گەیشتووەتە تێکڕای 37.66 ملیۆن بەرمیل رۆژانە.

سەبارەت بە کۆگاکانی نەوت، راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، کۆگا بازرگانییەکانی نەوت لە وڵاتانی رێکخراوی گەشەپێدانی ئابووری (OECD) لە مانگی حوزەیراندا بە بڕی 26.4 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە و گەیشتووەتە 2.729 ملیار بەرمیل، ئەم ئاستەش بە نزیکەی 59.6 ملیۆن بەرمیل لە ساڵی رابردوو و 66.5 ملیۆن بەرمیل لە تێکڕای پێنج ساڵی رابردوو کەمترە.

هەروەها ئۆپێك پێشبینییەکانی بۆ خواست لەسەر نەوتی وڵاتانی هاوپەیمانی لە ساڵی 2026 بۆ 42.1 ملیۆن بەرمیل رۆژانە کەمکردەوە، کە 200 هەزار بەرمیل کەمترە لە ئاستی ساڵی 2025، بەڵام پێشبینییەکانی بۆ ساڵی 2027 لەسەر 43.6 ملیۆن بەرمیل رۆژانە وەك خۆی هێشتووەتەوە.

لە کۆتاییدا راپۆرتەکە ئاماژەی بە بەردەوامیی بەرزیی قازانجی پاڵاوتن لە ناوەندە سەرەکییەکانی جیهان کردووە، کە هۆکارەکەی بۆ زیادبوونی خواست لەسەر بەرهەمە نەوتییەکان، لەکارکەوتنی چەند پاڵاوگەیەك و کەمبوونەوەی کۆگاکانی گازوایل و بەنزین لە ئەوروپا دەگەڕێتەوە، جگە لە کاریگەریی بارودۆخە جیۆپۆلیتیکییەکان لەسەر هاوسەنگیی بازاڕی سووتەمەنی.