بەڕێوەبەری پۆلیسی نەینەوا بە تۆمەتی وەرگرتنی 15 هەزار دۆلار بەرتیل دەستگیر کرا

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق رایگەیاند, ئەفسەرێکی باڵایان بە پلەی عەمید لە پارێزگای نەینەوا دەستگیر کردووە، بە تۆمەتی وەرگرتنی 15 هەزار دۆلار بەرتیل بە مەبەستی گۆڕینی دانپێدانی تۆمەتبارێک بۆ سوودمەندبوونی لە یاسای لێبووردنی گشتی.

چوارشەممە 12ی ئابی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە نەینەوا، توانیویانە لە پڕۆسەیەکی ئەمنیدا دەستیان بەسەر 15 هەزار دۆلار بگرن، کە بڕە پارەکە ئامادەکرابوو تاوەکو رادەستی ئەفسەرێکی باڵا بە پلەی عەمید بکرێت کە بەڕێوەبەری یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی نەینەوایە.

لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن کە ئەفسەرە باڵاکە ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوە بووە لەسەر کەیسی تۆمەتبارێکی دەستگیرکراو، و وەرگرتنی بەرتیلەکە لە بەرامبەر شێواندنی دانپێدانی تۆمەتبارەکە و گۆڕینی مێژووی ئەنجامدانی تاوانەکە بووە، بەو ئامانجەی مەرجەکانی یاسای لێبووردنی گشتی بیگرێتەوە و ئازاد بکرێت.

دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد، پڕۆسەی دەستگیرکردنی عەمیدەکە و گرتنی واستەکارەکە بە هاوئاهەنگیی چڕی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و دژە تیرۆری نەینەوا و فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا ئەنجامدراوە. پاش رێکخستنی مەلەفی فەرمی، تۆمەتباران رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەت کران، کە بڕیاری دەستبەسەرکردنیانی بەپێی بەندەکانی بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983) دەرکردووە بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی دادگاییکردنیان.