سامانە سروشتییەکان: دابینکردنی سووتەمەنی دەبێت بە پێی رێژەی دانیشتووان بێت

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراقی دایەوە و ئامادەیی هەرێمی نیشاندا بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەسەر دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخێکی پاڵپشتیکراو. جەختی لەوەش کردەوە، رێککەوتنی 50 هەزار بەرمیل بە خواستی هەرێم نەبووە.

چوارشەممە، 12ـی ئابی  2026، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت)، لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی لێدوانەکانی باسم محەممەد، وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵیی دایەوە، کە تێیدا رایگەیاندبوو ئامادەن بەنزینی پێویست بۆ هەرێم دابین بکەن ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو  50 هەزار بەرمیل نەوتەی کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیە رادەست بکات.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە داوای دادپەروەریی کردووە لە دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا و، بە پێی هەموو پێوەرەکانیش پشکی ڕاستەقینەی هەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ زیاتر لە دوو هێندەی ئەم ڕێژەیەی ئێستایە.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، دیاریکردنی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم تەنیا ئەنجامی رێککەوتنێکی کاتی بووە و بە هیچ شێوەیەک بە خواست و ویستی لایەنی هەرێم نەبووە.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، بۆیە ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر دابینکردنی هەموو جۆرە سووتەمەنییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو و بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوا بە ڕەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم ئامادەن بۆ دانوستان تا پشکی راستەقینە و دادپەروەرانەی هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق دیاریی بکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ستایشی هەڵوێستی سەرجەم ئەو پەرلەمانتارانەی کرد کە لە پەرلەمانی عێراق داوای دادپەروەری و زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستانیان لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ کردووە.