لە بەغدا دوو کۆبوونەوە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی بەنزین بەڕێوەدەچن

بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین کۆدەبنەوە

ژمارەیەک شۆفێر لە نۆرەی بەنزین
ژمارەیەک شۆفێر لە نۆرەی بەنزین

لە بەغدا دوو کۆبوونەوەی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین بەڕێوەدەچن و هاوکات شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش بەمەبەستی زیادکردنی پشکی نەوتی خاو بۆ بەنزین سەردانی عێراق دەکات.

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ کۆدەبێتەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی دابینکردنی بەنزین و رێکارەکانی بەکارهێنانی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، دەکرێت.

شێروانی هەروەها گوتیشی، لە دیدارەکەدا چەند بژاردەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێن. هەر بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەنگژەیە، پڕۆژەیەک ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کراوە. 

وەک خۆی باسی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، پرسیار لە بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت لەبارەی بڕی هەناردە و بەرهەمی نەوتی عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا، داوای زانیاریی وردی لێدەکرێت دەربارەی رەوشی بەرهەمی نەوت و هەناردەکردنی لە رێگەی بەسرە و ئێرانەوە، لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی پێویستە سۆمۆ وەک کۆمپانیای ساخکردنەوەی نەوتی عێراق لە کاتی کێشەکاندا بیانگرێتەبەر.

لەلایەکی دیکەوە، کاتژمێر 12:00ـی ئەمڕۆ لیژنەی کاتی بۆ چارەسەری پرسی بەنزینی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق و نوێنەری وەزارەتی نەوت کۆدەبێتەوە. ئامانجی ئەم دیدارە قسەکردنە لەبارەی رێکارەکانی چارەسەرکردنی پرسی بەنزین و زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان.

هاوکات، بڕیارە شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەمان پرس سەردانی بەغدا بکات و داوای زیادکردنی بڕی نەوتی خاو بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین بکات.

بەپێی رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت تاوەکوو کێشەی سووتەمەنی چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەم بڕە نەوتە بەشی داواکارییەکانی رۆژانەی هەرێمی کوردستان ناکات، لەبەرئەوەی بەپێی ئامارەکان رۆژانە پێویستی بە نزیکەی حەوت ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.

 بەهۆی ئەم کورتهێنانە و نەبوونی پاڵپشتیی دارایی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ بەنزینی هەرێمی کوردستان، نرخی یەک لیتر بەنزین لە بەنزینخانەکاندا بەرزبووەتەوە و بارگرانییەکی زۆری لەسەر شۆفێران دروستکردووە.

 لەم دواییانەشدا، زیاتر لە 160 پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان کۆکردووەتەوە و پڕۆژەیەکیان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ زیادکردنی پشکی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان بۆ 140 هەزار بەرمیل، یان ناردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو راستەوخۆ لە بەغداوە بۆ بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان.