کـۆشنەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانی غەززە سەردانی ئیسرائیل دەکات

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، هەفتەی داهاتوو سەردانی ئیسرائیل دەکات بە مەبەستی لەیەك نزیککردنەوەی دید و بۆچوونەکان دەربارەی پلانی غەززە، کە پێشتر لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلەوە رەتکرابووەوە.

هەینی 14ـی ئابی 2026، بڕیارە جارید کـۆشنەر، زاوا و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، و نیکۆلای ملادینۆف، نوێنەری باڵای کاروباری غەززە لە ئەنجوومەنی ئاشتی کە ترەمپ دایمەزراندووە، سەردانی ئیسرائیل و میسر بکەن، ئەم سەردانەش دوای ئەوە دێت، ناتانیاهۆ بە فەرمی پلانێکی 15 خاڵی رەتکردەوە کە تێیدا بزووتنەوەی حەماس رەزامەندی دەربڕیبوو چەکەکانی رادەستی لێژنەیەکی نوێی فەڵەستینی بکات بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە.

بەرپرسێك لە ئەنجوومەنی ئاشتی ئاماژەی بەوە کردووە، کـۆشنەر و ملادینۆف هیوایان وایە گفتوگۆیەکی بنیاتنەر ئەنجام بدەن بۆ جێبەجێکردنی پلانی گشتگیرتری ترەمپ بۆ ئاشتی، هەروەها گوتی: "ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئامانجی کۆتایی هاوڕان، ئەویش بێچەککردنی حەماسە".

ناتانیاهۆ کە رووبەڕووی گوشاری لایەنە راستڕەوەکانی وڵاتەکەی دەبێتەوە پێش هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەم، جەختی کردووەتەوە سوپای ئیسرائیل لە غەززە ناکشێتەوە، تەنانەت دوای ئەوەی تیمی ئاشتیی ترەمپ دڵنیاییان دابووە ئیسرائیل کە کشانەوە تەنها دوای داماڵینی تەواوەتیی چەکی حەماس دەبێت.

پلانی غەززە نوێترین قۆناغی رێککەوتنی راگرتنی تەقەیە کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە تشرینی یەکەمی 2025 راگەیەندرا، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە هەرچەندە بە تەواوەتی رانەگیراون.