دادگای دەستووریی فەرەنسا یاسای کۆتاییهێنانی ئارەزوومەندانە بە ژیانی پەسند کرد
دادگای دەستووریی فەرەنسا یاسای قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ خوار 15 ساڵ رەتکردەوە
بەرزترین دەسەڵاتی دەستووری لە فەرەنسا، بە فەرمی یاسای پێدانی مافی "کۆتاییهێنانی ئارەزوومەندانە بە ژیان"ی بۆ ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییە بێچارەسەرەکانەوە دەناڵێنن پەسند کرد؛ بەمەش فەرەنسا دەچێتە ریزی ئەو کەم وڵاتانە کە رێگە بەم رێکارە پزیشکییە دەدەن.
هەینی 14ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی دەستووریی فەرەنسا بڕیاری یاساییبوونی تەواوی پێدانی مافی "کۆتاییهێنانی ئارەزوومەندانە بە ژیان"ی بۆ ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییە بێچارەسەرەکانەوە دەناڵێنن پەسند کرد کە لە مانگی تەممووزی رابردوودا، دوای چەندین ساڵ گفتوگۆ و مشتومڕ، لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە دەنگی لەسەر درابوو.
بەم بڕیارە، فەرەنسا دەبێتە هاوشانی وڵاتانی وەک هۆڵەندا، بەلجیکا، سویسرا و کەنەدا کە پێشتر ئەم رێکارەیان یاسایی کردووە. ئەم هەنگاوە بە سەرکەوتنێکی گرنگ بۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆمار دادەنرێت، کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022دا بەڵێنی دەرکردنی یاسایەکی لەم شێوەیەی دابوو.
بۆ ئەوەی نەخۆشێک بتوانێت داوای کۆتاییهێنانی ئارەزوومەندانە بە ژیانی بکات، دەبێت ئەم مەرجانەی تێدابێت: تەمەنی یاسایی تەواو کردبێت. هاووڵاتیی فەرەنسا یان نیشتەجێی هەمیشەیی بێت لەو وڵاتەدا و بەدەست ئازارێکی توند و بەردەوامەوە بناڵێنێت کە چارەسەری نەبێت، یان بە بڕوای نەخۆشەکە خۆی بەرگەی نەگیرێت (لەو حاڵەتانەی کە بڕیاری داوە چارەسەر وەرنەگرێت یان چارەسەرەکانی راگرتووە.
لە رووی رێکارەوە، سەرەتا پزیشکێک بەرپرسیارە لە پشکنینی دۆخی نەخۆشەکە، پاشان لیژنەیەکی پسپۆڕ هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکە دەکات. لە کۆتاییدا پزیشکەکە بە تەنیا بڕیار دەدات، بەڵام نەخۆشەکە لە هەر قۆناخێکدا بێت دەتوانێت لە بڕیارەکەی پەشیمان ببێتەوە. بەپێی یاساکە، نەخۆشەکە خۆی ماددەی کوشندەکە بەکاردەهێنێت، مەگەر لەو حاڵەتانەی کە لە رووی جەستەییەوە توانای ئەوەی نەبێت، کە لەو دۆخەدا کارمەندێکی تەندروستی هاوکاری دەکات.
هەرچەندە ئەنجوومەنی دەستووری یاساکەی وەک خۆی پەسند کردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێک بڕگە پێویستیان بە روونکردنەوەی زیاتر هەیە. لەوانە "بڕگەی ویژدان" کە رێگە بە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەدات لە بەشداریکردن لەم رێکارەدا خۆیان بەدوور بگرن ئەگەر لەگەڵ بنەما فکری و مرۆییەکانیاندا نەگونجێت.
هەروەها بڕیارەکە دەڵێت ئەم بڕگەیە دەبێت ئەو نەخۆشخانە تایبەتانەش بگرێتەوە کە کارەکە بە پێچەوانەی پەیامی کارکردنی خۆیان دەبینن، بەو مەرجەی تاکە ناوەندی تەندروستی نەبن لە ناوچەکەدا کە بتوانن پێداویستییەکانی خەڵکی ناوخۆیی دابین بکەن.
رەتکردنەوەی پرۆژەیاسای قەدەخەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ
هاوکات ئەنجوومەنی دەستووریی فەرەنسا لە بڕیارێکی دیکەدا پڕۆژەیاسای قەدەخەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ رەتکردەوە؛ ئەمەش بە پاشەکشەیەکی گەورە بۆ ئەو پڕۆژەیە دادەنرێت کە ئیمانوێل ماکرۆن، داکۆکیی لێدەکرد.
راشیگەیاند، بڕگەی یەکەمی پڕۆژەیاساکە "پێشێلکارییەکە کە نە گونجاوە، نە پێویستە و نە هاوسەنگە" لەگەڵ مافی ئازادیی رادەربڕین و پەیوەندیکردنی منداڵان و نەوجەوانانی خوار تەمەن 15 ساڵدا.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئیمانوێل ماکرۆن، سوپاسی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردبوو بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە و بەڵێنی دابوو کە تا مانگی ئەیلوولی داهاتوو یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دوابەدوای دەرچوونی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دەستووری، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، ماکرۆن راسپاردەیەکی ئاراستەی سێباستیان لێکۆرنو، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە کردووە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات کار لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسێکی نوێ و "تۆکمە لە رووی یاساییەوە" بکات.
کۆشکی ئەلیزێ ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێویستە سەرۆک وەزیران کارئاسانی بکات بۆ ئەوەی رەشنووسە نوێیەکە هەم بڕیارەکەی ئەنجوومەنی دەستووری و هەم چوارچێوەی رێساکانی یەکێتیی ئەوروپا ڕەچاو بکات؛ جەختی لەوەش کردەوە، پێداگریی ماکرۆن بۆ جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییە هێشتا وەک خۆی ماوە و کەم نەبووەتەوە.
ئەم هەوڵانەی فەرەنسا بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتێکدایە کە لەسەر ئاستی جیهانی، رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئەو وڵاتانە زیاتر دەبێت کە بەهۆی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی تەکنەلۆجیا و کایە دیجیتاڵییەکان لەسەر گەشە و تەندروستیی دەروونیی منداڵان، سنووردارکردنی توندتر دەسەپێنن.