واشنتن پێنج بژاردە بۆ توندکردنی فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران تاوتوێ دەکات
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خۆی بۆ سەپاندنی فشارێکی ئابووریی توند بەسەر ئێراندا ئامادە دەکات، بەڵام ئەم هەنگاوانە کاریگەریی قووڵیان لەسەر ئابووریی ئەمریکا، بازاڕەکانی وزە و پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ پەکین دەبێت.
شەممە 15ـی ئابی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەرەو توندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر تاران هەنگاو دەنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران پێشتر رووبەڕووی هەزاران سزای جۆراوجۆر و گەمارۆی دەریایی بووەتەوە، بەپێی راپۆرتێکی بلومبێرگ، واشنتن پێنج بژاردەی سەرەکی لەبەردەستدایە:
یەکەم: بە ئامانجگرتنی کەرتی نەوت و چین
بەیژینگ کڕیاری 90٪ی نەوتی ئێرانە، واشنتن دەیەوێت سزاکان بۆ سەر ئەو پاڵاوگە سەربەخۆ و بانکانەی چین فراوان بکات کە کار ئاسانی بۆ بازرگانیی نەوتی ئێران دەکەن، بەڵام کەمکردنەوەی هەناردەی ئێران دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت و سووتەمەنی لە ناوخۆی ئەمریکا، جگە لە ئەگەری دروستبوونی گرژیی نوێ لەگەڵ پەکین.
دووەم: تێکشکاندنی تۆڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو
واشنتن تاوتوێی سزادانی ئەو کۆمپانیا و ناوەندانەی ئاڵوگۆڕی دراو دەکات کە یارمەتیی ئێران دەدەن بۆ گۆڕینی داهاتەکانی بە تایبەت یوانی چینی بۆ دراوەکانی دیکە بە مەبەستی دابینکردنی بودجەی حکوومەت.
سێیەم: سەپاندنی سزای لاوەکی بەسەر هاوبەشەکاندا
ئەم بژاردەیە فشاردەکاتە سەر هەر کۆمپانیا یان بانکێکی بیانی کە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات، بە جۆرێک ناچاریان دەکات لە نێوان بازاڕی ئەمریکا یان ئێران یەکێکیان هەڵبژێرن، ئەمە رەنگە کار بکاتە سەر وڵاتانی وەک تورکیا کە پەیوەندییەکی بازرگانیی بەهێزیان لەگەڵ تاران هەیە.
چوارەم: دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەکانی ئێران
واشنتن دەیەوێت لە قۆناغی سڕکردنی داراییەوە هەنگاو بنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی دارایی ئەو سەرمایانەی ئێران کە لەژێر دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریکادان، ئەمە هەنگاوێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە هاوکاریی حکوومەتە بیانییەکانی دیکەش هەیە.
پێنجەم: راوەدوونانی کەشتیگەلی سێبەر
جگە لە گەمارۆ دەریاییەکان، ئەمریکا دەیەوێت سزاکان فراوان بکات بۆ سەر ئەو کۆمپانیا و کەشتییانەی بە نهێنی نەوتی ئێران دەگوازنەوە، لەگەڵ سزادانی کۆمپانیاکانی بیمە و ئەو بەندەرانەی کەشتییەکانی ئێران لەخۆ دەگرن، تاوەکو تێچووی هەناردەکردنی نەوت بۆ تاران گرانتر بکات.
لە کۆتاییدا، ئاستەنگی گەورەی بەردەم ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە، چۆن فشارەکان بەسەر ئێراندا زیاد بکات بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی بازاڕی نەوت یان رووبەڕووبوونەوەیەکی دارایی گەورە لەگەڵ چین.