پەیامی هاوخەمیی سەرۆک بارزانی بۆ بنەماڵەی مەحموود سەیف قازی
سەرۆک بارزانی، بە هۆی کۆچی دوایی مەحموود سەیف قازی، کوڕی وەزیری جەنگی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، پەیامێکی هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی کۆچکردوو و نیشتمانپەروەرانی کوردستان کرد.
شەممە، 15ـی ئابی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی، پەیامێکی هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی کەسایەتیی کوردپەروەر، خوالێخۆشبوو مەحموود سەیف قازی کرد، کە کوڕی محەمەد حوسێن خان سەیف قازی، وەزیری جەنگی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بوو.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: "بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتیی کوردپەروەر و کوڕی محەممەد حوسێن خان سەیف قازی، وەزیری جەنگ لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد (مەحموود سەیف قازی)م پێگەیشت."
سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرەخۆشیی خۆی دووپات کردووەتەوە و نووسیویەتی: "پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی تێکۆشەر و ئازادیخوازی سەیف قازی و کەسوکار و ئاشنایانیان و هەموو نیشتمانپەروەرانی کوردستان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم."
سەرۆک بارزانی هیوای خواستووە کە خودای گەورە گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامیش بە بنەماڵە و کەسوکاری ببخشێت.