لە پۆڵەندا هونەرمەندێکی کورد بەشداری پێشانگەیەکی نێودەوڵەتیی شێوەکاری کرد
ئەحمەد نەبەز، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بەشداری خولی 27ەمینی پێشانگەی نێودەوڵەتیی شێوەکاری لەژێر ناونیشانی "رەنگەکانی مالۆپۆلسکا" کرد، کە لە شاری مێخۆفی وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەچوو و دەڵێت، "مێخۆف و دەوروبەری بۆ نزیکەی دوو هەفتە بوونە ستۆدیۆیەکی کراوە؛ هونەرمەندان شوێنە مێژووییەکان و سروشتییەکانی ناوچەکەیان بینی، لەگەڵ یەکدی ئەزموونمان گۆڕیەوە و دواتر ئەو هەست و تێبینینانەمان لەسەر کەنڤاس دەرخست."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی ئابی 2026، ئەحمەد نەبەز، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "پێشانگەی نێودەوڵەتیی "رەنگەکانی مالۆپۆلسکا" لە پۆڵەندا، تەنیا کۆبوونەوەی ژمارەیەک تابلۆ لە هۆڵێکی پێشانگاکان نەبوو؛ بەڵکو پرۆژەیەکی هونەریی بوو کە هونەرمەندانی چەند وڵاتێکی لە ژینگەیەکی هاوبەشدا کۆکردەوە، تا هەر یەکەیان لە روانگەی تایبەتی خۆیەوە سروشت، ژیان و کولتوور بخاتە سەر کەنڤاس."
گوتیشی، "لە وەشانی ئەمساڵدا 28 هونەرمەند لە شەش وڵات تێیدا بەشداربوو وەکو، من و دوو هونەرمەندی دیکە لە کوردستان، و کڕواتیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، سلۆڤاکیا و سلۆڤینیا، بەشداریان تێدا کرد، ئەم جۆراوجۆرییە وای کردووە پێشانگەکە ببێتە شوێنێک بۆ تێکەڵبوونی زمانە جیاوازەکانی هونەر و بینینی جیهان لە چەند روانگەی جیاوازەوە."
ئەحمەد نەبەز باس لە گرنگیی بەشداریکردنی ئەو پێشانگە نێودەوڵەتییە دەکات و دەڵێت، "گرنگیی ئەم پێشانگەیە لەوەدا بوو کە هونەرمەندان تەنیا بەرهەمە پێشووەکانیان نەهێنا بۆ نمایش، بەڵکو لە ماوەی ئەم کۆبوونەوە هونەرییەدا لە ژینگە و سروشتی شاری میێخۆڤ و دەوروبەرەکەی کاریگەرییان وەرگرت و ئەزموونەکانیان گواستەوە بۆ ناو بەرهەمە نوێکان."
دەربارەی کۆبوونەوەی هونەرمەندان لە ماوەی دوو هەفتەدا، ئەحمەد نەبەز دەڵێت، "مێخۆف و دەوروبەری بۆ نزیکەی دوو هەفتە بوونە ستۆدیۆیەکی کراوە؛ هونەرمەندان شوێنە مێژووییەکان و سروشتییەکانی ناوچەکەیان بینی، لەگەڵ یەکدی ئەزموونمان گۆڕیەوە و دواتر ئەو هەست و تێبینینانەمان لەسەر کەنڤاس دەرخست. بەم شێوەیە، شوێنەکە خۆی بووە بەشێک لە پرۆسەی دروستکردنی بەرهەمە هونەرییەکان."
ئەحمەد نەبەز باس لە ژیان و کولتوور لە کارەکانیدا دەکات و دەڵێت، "ژیان و کولتوور بە شێوەی جیاواز لە کارەکاندا دەرکەوتن، چونکە هەر هونەرمەندێک لە پشت خۆیەوە مێژوو، ژینگە و کولتوورێکی تایبەتی هەیە؛ بۆیە کاتێک ئەو زمانە هونەرییە جیاوازانە لە یەک شوێندا کۆدەبنەوە، کانڤاسەکان دەبنە جۆرێک لە گفتوگۆی بێ وشە لەنێوان کولتوورەکان."
ئەحمەد نەبەز ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم بەشدارییە بۆ من دەرفەتێکە بۆ ناساندنی هونەر و کولتووری کوردی لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا. چونکە بەشداری لە چالاکییە نێودەوڵەتییەکان تەنیا نمایشکردنی بەرهەم نییە، بەڵکو هەلێکە بۆ ناساندنی هونەری کوردستان و دروستکردنی پەیوەندیی نوێ لەنێوان هونەرمەندانی کورد و هاوپیشەکانمان لە وڵاتانی تر."
پێشانگەی نێودەوڵەتی شێوەکاری "رەنگەکانی مالۆپۆلسکا"، بەبەشداری ئەحمەد نەبەز، شێوەکاری کورد، رۆژی دووشەممە، 3ی ئابی 2026، لەشاری مێخۆفی وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەچوو و ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو.
ئەحمەد نەبەز، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لەساڵی 1986 لەشاری هەولێر لەدایکبووە. کۆلێژی هونەرە جوانەکانی بەشی شێوەکاری لە هەولێر تەواو کردووە. چەندین پێشانگەی تایبەتی کردۆتەوە و بەشداری چەندین پێشانگەی شێوەکاری هاوبەشی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کردووە.