لە هەڵەبجە کۆنسێرتێکی میوزیک و گۆرانی بەبۆنەی رۆژی جیهانی گەنجان بەڕێوەچوو

رێکخراوی منداڵپارێزانی کوردستان، بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی گەنجان، کۆنسێرتی "سەدەیەک لە میوزیک و داهێنان"، لە هۆڵی ڕوانگە لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، سەرخێڵ غەفار، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە بە کوردستان24ی راگەیاند، "کۆنسێرتەکە گەشتێکی هونەرییە لەگەڵ میوزیکی کوردی و گۆڕانکارییەکانی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا؛ گەشتێک کە لە رێگەی دەنگ و ساز و پێشکەشکردنی میوزیکییەوە، بینەر دەباتە ناو جیهانی میوزیک و بەشێک لە یادەوەرییە هونەرییەکانی کورد."

گوتیشی، "لە بەشی سەرەکیی بەرنامەکەدا، تیپی میوزیکی سەنتەرەکانی چالاکی گەنجانی منداڵپارێزی کوردستان، پێشکەشکردنێکی تایبەت ئەنجام دەدەن. ئەم تیپە لە رێگەی ساز و دەنگ و رێکخستنی میوزیکییەوە، هەوڵ دەدەن جۆرێک لە پەیوەندیی نێوان رەگ و ریشەی میوزیکی کوردی و جیهانی هونەریی گەنجانی ئەمڕۆ دروست بکەن."

سەرخێڵ غەفار باس لە گرنگیی کۆنسێرتەکە دەکات و دەڵێت، "کۆنسێرتەکە تەنیا پێشکەشکردنی چەند پارچە میوزیکێک نییە، بەڵکو بەرنامەکە بە شێوەیەک دانراوە کە بینەر بتوانێت لەگەڵ شێواز و گۆڕانکارییەکانی میوزیکی کوردی بگەڕێت. لە میوزیکی رەسەن و کۆنەوە بۆ شێوازە نوێترەکانی پێشکەشکردن، سازە کۆن و نوێیەکان لە یەک ئێوارەدا دەبنە بەشێک لە گەشتێکی هونەری."

دەربارەی بەشداریکردنی هونەرمەندان لەم کۆنسێرتەدا، سەرخێڵ غەفار دەڵێت، "هەر یەکە لە هونەرمەندان، عادل هەورامی و مامۆستا جیهانگیر جەلال، بەشێکی تری ئەم بەرنامەیە بوون. بەشداریی ئەم هونەرمەندانە بووە هۆی ئەوەی کۆنسێرتەکە تەنیا بۆ پێشکەشکردنی بەهرەی گەنجان نەبێت، بەڵکو دەرفەتێکیش بێت بۆ کۆکردنەوەی ئەزموونی هونەرمەندانی پێشوو لەگەڵ توانای جیلی نوێ."

ئەوەشی گوت، "یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم چالاکییە، کۆکردنەوەی ئەزموون و بەهرەیە؛ بەو مانایەی هونەرمەندانی ئەزمووندار لەگەڵ گەنجانی خاوەن بەهرە لە یەک شوێن کۆدەبنەوە، تا میوزیک ببێتە پردێک لە نێوان نەوەکاندا. هەروەها تواناکانی گەنجانی هەڵەبجە تەنیا لە بواری میوزیکدا پیشان نادرێن. بەشێک لە چالاکییەکە تایبەتە بە دەستڕەنگینی، کشتوکاڵ و تەکنۆلۆژیا؛ سێ بوار کە گەنجانی هەڵەبجە لە رێگەی گۆشە و پێشکەشکردنی تایبەتەوە تواناکانی خۆیان تێدا دەخەنەڕوو."

سەرخێڵ غەفار باس لە کار و داهێنەرانەی گەنجان لەو چالاکییە دەکات و دەڵێت، "کار و داهێنانی گەنجان دەرفەتێک دەبێت بۆ پیشاندانی توانای هونەری و دروستکردنی بەرهەمی دەستی؛ لە بواری کشتوکاڵدا، گەنجان ئەو توانایانەی خۆیان لە پەیوەندی بە بەرهەمهێنان و کارکردن لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان پیشان دەدەن، لە هەمان کاتدا تەکنۆلۆژیاش دەبێتە بەشێک لەو وێنەیەی کە چۆن جیلی نوێ دەتوانێت زانست و داهێنان بخاتە خزمەتی ژیان و کۆمەڵگە."

دەربارەی ئامانجی ئەو چالاکییە، سەرخێڵ غەفار دەڵێت، "ئامانجی ئەم چالاکییە گرنگیدانە بە رۆڵی گەنجان لە بواری هونەر و کولتوور و هاندانیان بۆ بەردەوامبوون لە داهێنان. گەنجان بە بەشداریی راستەوخۆیان لە بەرنامەکەدا دەرفەت دەدۆزنەوە تا تواناکانیان پیشان بدەن و لە هەمان کاتدا ئەزموونی زیاتر لە کەسانی شارەزا و هونەرمەندان وەربگرن."

سەرخێڵ غەفار ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم کۆنسێرتە لە هەمان کاتدا هەوڵێکە بۆ نزیککردنەوەی گەنجان لە کولتوور و هونەر و بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ئەوەی بەهرەکانیان دەربکەون. ئەمەش بە تایبەتی لە شارێکی وەک هەڵەبجە، کە بە مێژوو و کولتوور و یادەوەرییە نیشتمانییەکانی ناسراوە، مانایەکی تایبەتی هەیە."

کۆنسێرتی "سەدەیەک لە میوزیک و داهێنان"، بەبۆنەی رۆژی جیهانی گەنجان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، لە هۆڵی روانگە لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو.