شانۆگەرییەکی کوردی لە تونس دوو خەڵاتی گرنگیی بەدەستهێنا

گروپی شانۆی هەوار، بە شانۆگەریی "لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە"، لە دەرهێنانی نەژاد نەجمە، لە خولی 16یەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی زانکۆیی مۆنەستیر، کە لە وڵاتی تونس بەڕێوەچوو، توانی دوو خەڵاتی گرنگ بەدەستبهێنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی ئابی 2026، نەژاد نەجم، دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە بە کوردستان24ی راگەیاند، " وەکو گروپی شانۆی هەوار لەو فێستیڤاڵەدا دوو خەڵاتی گرنگمان بەدەستهێنا لەکۆی بەشداری 15 نمایشی جیاواز وەکو، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران بۆ ئەکتەری کچ بوو کە بە هاوسەر ئیدریس درا؛ خەڵاتێک کە رێزێکە لە توانای ئەکتەری و شێوازی جێبەجێکردنی رۆڵ لەسەر سەکۆ و توانای گواستنەوەی هەست و بیرۆکەی نمایش بۆ بینەر. دووەم خەڵات، خەڵاتی باشترین تۆژینەوە بوو بۆ ناوەڕۆک و داهێنانی شانۆییی نمایشی "لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە"، بە من درا وەکو دەرهێنەری ئەو نمایشە."

نەژاد نەجم باس لە چیڕۆکی نمایشەکەیان دەکات و دەڵێت، "شانۆگەرییەکە باس لەودیو دەرگاکان دەکات کە چی دەگوزەرێت، باس لە بابەتە هەستیارەکانی سەردەمی ئێستا دەکات، که چەندین کاری نەشیاو و توندووتیژی رووبەڕووی خەڵکانێکی بێ تاوان دەبێتەوە، واتە باس لە هەموو بابەتە نائەخلاقییەکان دەکات، ئەو کارە دەرچوونە لە توونڕەوی ئینسان، کە کۆمەڵگە چی بەسەر ئینسانێکی پاک و بێگەرددا دەهێنێت، دواتر دەبێتە کەسێکی تووندوتیژ، بەڵام  ئینسان بە پاکی لەدایک دەبێت، ناچار بەکاری تووندوتیژی دەکرێت و دەبێتە کەسێکی ناتەندروست لە کۆمەڵگەدا."

 نەژاد نەجم باس لە گرنگیی ئەو فێستیڤاڵە دەکات و دەڵێت، "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی زانکۆیی لە مۆنەستیر و چالاکییە شانۆییە زانکۆییەکانی تونس، بەشێکە لە ژینگەی چالاکیی شانۆی زانکۆیی لە تونس کە تەنیا بۆ پێشاندانی نمایش نییە، بەڵکو بۆ کۆکردنەوەی قوتابی و شانۆکارانی گەنج، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و گفتوگۆ لەسەر هونەر و داهێنانیشە. لە خولی 16یەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی زانکۆیی مۆنەستیر، بەشدارییە نێودەوڵەتییەکان، لێژنەی دادوەریی نێودەوڵەتی، وۆرکشۆپ و سیمینار و گفتوگۆ لەبارەی نمایشەکان بەشێکی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە بوون."

شانۆگەری "لەودیو دەرگا داخراوەکان"، لە سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە، لە نووسینی مەلاک ئەحمەدە و هەریەکە لە هاوسەر ئیدریس و سەلام زەنگەنە و دارا عزەددین رۆڵی تێدا دەگێڕن.

خولی 16یەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی زانکۆیی مۆنەستیر، 12ی ئابی 2026، لە وڵاتی تونس بەبەشداری 15 نمایش بەڕێوەچوو و ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو.