هەیبەت حەلبووسی: دەسەڵاتی زیاتر بە پارێزگاکان دەدەین

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان پاڵپشتی تەواوی پارێزگاکان دەکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کارگێڕی زیاتریان پێبدرێت و سیستەمی نا مەرکەزییەت بچەسپێنرێت. هەروەها جەختی لەسەر گرنگی خێراکردن لە تەواوکردنی رێکارەکانی دابەشکردنی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون کردەوە کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەسپێشخەری بۆ کراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی ئابی 2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئامادەبوونی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەن، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لیژنەکانی هەرێم و پارێزگاکان، پلاندانان، پڕۆگرامی حکوومەت، ئەوقاف و وەرزش و لاوانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری پارێزگاکانی عێراق و نوێنەرانی حکوومەت و وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان بەشداربوون.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی لە پێشینەکانی پارێزگاکان و پێداویستییەکانیان لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی داهاتوو کرا، جگە لە پێداچوونەوە بەو پڕۆژەیاسایانەی پارێزگاکان پێویستیانە. هەروەها گوێ لە پلان و پڕۆگرامەکانی پارێزگاکان و ئەو ئاستەنگە سەرەکییانە گیرا کە لە سێکتەرە جیاوازەکاندا رووبەڕوویان دەبێتەوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران گوێی لە تێبینی پارێزگارەکان گرت سەبارەت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێمەکان، ئەو پڕۆژانەی کە لە چوارچێوەی یاسای ئاسایشی خۆراکدان و رێژەی جێبەجێکردنیان. پارێزگارەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە کەمیی تەرخانکردنی دارایی و تێوەگلانی دەسەڵاتەکان لەنێوان وەزارەتەکان و پارێزگاکان، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی هەندێک لە پڕۆژەکانن.

حەلبووسی رێنماییدا کە لیستێک لە هەموارکردن و تێبینییەکان ئامادە بکرێت کە ببێتە هۆی چەسپاندنی نا مەرکەزییەتی کارگێڕی و پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە پارێزگاکان لە چوارچێوەی یاسای ئەو پارێزگایانەی نەکەوتوونەتە ناو هەرێمێکەوە. جەختیشی کردەوە کە پەرلەمان پاڵپشتی تەواوی تێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەکات کە پێشتر خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دەسپێشخەرییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا بۆ دابەشکردنی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە هەموو پارێزگاکانی عێراق. سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی لەسەر پێویستی خێراکردنی رێکار و پێداویستییەکان کردەوە، تاوەکو بە زووترین کات دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی ئەو یەکانە بکرێت.