پارتی گەلی تورکمانی: هێرشکردنە سەر نوسینگەی مەسرور بارزانی تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستانە
پارتی گەلی تورکمانی بە توندترین شێوە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر بارەگای بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنە و ئیدانە دەکات و ئەم کردەوەیە بە هەڵکشانێکی مەترسیدار دەزانێت کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سەقامگیریی عێراق و سەروەریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، پارتی گەلی تورکمانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە، بە بەکارهێنانی ئامراز و شێوازێک کە سەرچاوە و ئاراستەکەی بۆ هەموو لایەک ناسراوە، نیگەرانییەکی جددی لە هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی ململانێ و ناکۆکییە هەرێمایەتییەکان بۆ ناو خاکی عێراق دروست دەکات، هەوڵێک کە دەیەوێت عێراق و هەرێمی کوردستان بکاتە گۆڕەپانی ناردنی پەیام و یەکلاکردنەوەی حسابە سیاسی و ئەمنییەکان.
پارتی گەلی تورکمانی جەخت لەوە دەکاتەوە، سەروەریی عێراق جێگەی سازش نییە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرامبەر، دراوسێیەتیی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵات بێت، نەک بە زمانی هێز و هەوڵی سەپاندنی ئیرادە لە دەرەوەی سنوورەکان.
لە هەمان کاتدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەڵوێستێکی روون و یەکلاکەرەوە بەرامبەر ئەم دەستدرێژییانە بگرن، هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان بنێن و راستی و وردەکارییەکانی ئەم هێرشە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن، نابێت خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ هیچ هەژموون و دەستوەرێکی دەرەکی کە بڕیاری سەروەریی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانی پشتگوێ بخات.
ئێمە لە پارتی گەلی تورکمان پشتیوانی و هاوپەیمانیی خۆمان بۆ بەڕێز مەسرور بارزانی دووپات دەکەینەوە و، وەک هاوپەیمانێکی وەفادار، نەگۆڕ و پتەو، لەسەر ئەو بەڵێنەین کە لە بەرامبەر هەر مەترسی و هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج، شان بەشانی دەوەستین.
بەڕێز مەسرور بارزانی لە دیدی ئێمەدا نموونەی سەرکردەیەکە کە بە بەرپرسیارییەوە بۆ ئاوەدانی، گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کار دەکات، بۆیە هەر هەڕەشە و هێرشێک بۆ سەر کەس و پێگەکەی، تەنها هێرش بۆ سەر تاکێک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ لێدان لە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم.
هەروەها، بانگەوازی هەموو هێز و پێکهاتە سیاسی و نەتەوەییەکانی عێراق دەکەین، لە پێناو پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی وڵاتدا هەڵوێستێکی یەکگرتوو بگرن و هەر هەوڵێک بۆ راکێشانی عێراق بەرەو ململانێ هەرێمایەتییەکان، کە هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق ناکات، بە تەواوی رەت بکەنەوە.